لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ ڕاوێژکاری دەوڵەتی ڕۆمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆدەبێتەوە

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە سەرۆکایەتیی په‌رله‌مانتار دیلان غەفور ساڵح و بە ئامادەبوونی په‌رله‌مانتاران حەیدەر سەلامی و محمد صدیق محمد و ئاریان عەزیز، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ئازار لەگەڵ بەڕێز نیکۆلای کۆمانێسکو ڕاوێژکاری دەوڵەتی ڕۆمانیا بۆ کاروباری دەرەوە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی واژۆکردنی ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات کرا، بەتایبەتی کە 12 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکان هەیە کە تا ئێستاش لەنێوان عێراق و ڕۆمانیا واژۆ دەکرێن.
لایەنی ڕۆمانی ڕوونی کردەوە کە چاوەڕێی وەڵامدانەوەی ئەو بانگهێشتنامەیەن کە پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە بۆ سەردانی ڕۆمانیا و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکان.
لە بەرامبەردا شاندی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختیان لە پێویستی پەرەپێدانی هەنگاوی کردەیی بۆ ئەو پێشنیازانە کردەوە کە لەلایەن لایەنی عێراقییەوە خراوەتەڕوو، بەتایبەتی سەبارەت بە بواری وەبەرهێنان و وزە و ئاوەدانکردنەوەو ئاڵوگۆڕی زانستی و کولتووری و هاندانی گەشتوگوزار بۆ عێراق لەلایەن کردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆ و بوارەکانی تر.
لای خۆیەوە بەڕێز نیکۆلای کۆمانێسکۆ ئاماژەی بە پشتیوانی بەردەوامی حکومەتی ڕۆمانیا کرد بۆ عێراق و پەرۆشییەکەی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بەتایبەتی کە عێراق لە ئێستادا بە دۆخێکی ئەمنی سەقامگیردا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد سەبارەت بە پرسی هێڵی فڕینی ڕاستەوخۆ کە هێڵی ئاسمانی ڕۆمانیا کۆمپانیاکە کاردەکات بۆ ڕێکخستنی پێکهاتەکەی و بەم زووانە پرسەکە دەخرێتە بەردەمی.
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕاوێژکار کۆمانێسکو جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و کاریگەر و کردەیی نێوان لایەنی عێراقی و ڕۆمانیا کردەوە بۆ گەیشتن بە باشترین ئەنجام لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.

 

فه‌رمانگه‌ی‌ ڕاگەیاندن
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
١٩ی ئازاری ٢٠٢٤