لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوای پەلەکردن لە ئاشکراکردنی وردەکاری روداوە کارەساتاویەکەی بەسرە دەکات و داوای پاراستنی دەوروبەری قوتابخانەکان دەکات

بەڕێز موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوایکرد پەلەبکرێت لە ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە روداوی کردنەژێرەوەی قوتابیان لە قەزای هارسە، لە باکوری پارێزگای بەسرە، بۆ لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکانی ئەو روداوە بە ئازارەو، خستنەگەڕی هەوڵە پزیشکیەکان بۆ چارەسەری بریندارەکان.

مەندەلاوی، ژمارەیەک پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەسرە ئەنجامدا، بۆ وەستان لەسەر وردەکاری روداوەکەو، سەرەخۆشیشی پێشکەش بە کەسوکاری قوربانیەکان کردو، هیوای چاکبونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.

لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای لەسەرجەم پارێزگارەکان کرد، کاربکەن لەپێناو پاراستنی دەوروبەری قوتابخانەکان و گرتنەبەری تەواوی رێوشوێنەکانی سەلامەتی، لەڕێی سەپاندنی ناوچەی پەڕینەوەی ئارام و پردی پیادەڕەو، وێڕای هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ رێگەگرتن لە تێپەڕبونی بارهەڵگری گەورە بە دەوروبەری قوتابخانەکان لە کاتەکانی دەوامی فەرمیدا.

 

نوسینگەی راگەیاندنی لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران

٢٠٢٤/٤/٣