لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكانی‌ پەرلەمان تاوتوێی پێشنیارە یاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکان دەکات

لیژنەی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێك پێکناھێنن ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبونەوەیەکی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنە به‌ست، بۆ تاوتوێكردنی‌ پێشنیارە یاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٨.
لە میانه‌ی دیدارەکەدا کە لە بارەگای لیژنە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لە سەر ئەو تێبینیانە کرا کە لەلایەن ڕاوێژکارانی لیژنەکەوە ئامادەکرابوون، لەسەر پێشنیارە یاساکەو لێکۆڵینەوە لە بڕگەکانی، ھەروەھا ڕێککەوتن کرا کە لیژنە پشتیوانێکی سەرەکی بێت بۆ یاساکە شانبەشانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و بە ھاوبەشی بەشداری لە هەموو کۆبوونەوەو میوانداریەکان بکەن، بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارە یاساکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیداره‌كان و پسپۆڕاندا لە هەموو فەرمانگەکانی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا لیژنە پێشنیاریکرد نوسراوێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت کە بۆچوونی خۆی تێدابێت لەسەر ئەو پێشنیارە یاسایە کە لەگەڵ سیستەمی فرە بازنەیی هەڵبژاردندایە نەک لەگەڵ سیستەمی تاک بازنەیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان، کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٣/٢/٢٠٢٣