لیژنەی وەرزش و لاوان بەشداری له‌ ڕێوڕه‌سمی‌ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی‌ نێوان یەکێتی عێراق و خولی ئیسپانیا (لالیگا) دەکات

لیژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار جیایی تیمۆر، ڕۆژی یەکشەممە 4/6/2023 بەشداریکرد لە ڕێوڕه‌سمی‌ واژۆکردنی گرێبەستی هاوبەشی نێوان یەکێتی تۆپی پێی عێراق و یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا (لالیگا)، بۆ دەستپێکردنی خولی پیشەیی بۆ وەرزی داهاتوو ۲۰۲۳-٢٠٢٤، کە ئامانجی گەشەپێدانی دۆخی‌ یاری تۆپی پێیە لە عێراق و باشترکردنی بارودۆخی یانەکان.
ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکە لە بەغدای پایتەخت لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو و لەلایەن سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عیراق به‌ڕێز عەدنان ده‌رجال و بە ناوی یانەی ئیسپانی خاڤیر تێباس ئیمزا کرا، کە لە ساڵی 2013 ەوە سەرۆکی خولەكەیە .
جێی ئاماژەیە کە گرێبەستی نێوان هەردوولا بریتییە لە پەرەپێدانی بەهرەکانی تۆپی پێ لە وڵاتداو سپۆنسەرکردنی خولی پیشەیی عێراق، هەروەها باشترکردنی شارەزایی کارمەندانی یانەکەو ڕاهێنەرەکان، هەروەها خولی ئیسپانیا هەموو ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە بازاڕکردنی پێشبڕکێی خولەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکاری خولی پیشەیی عێراق و بارەگای خولی ئیسپانیا لە مەدرید ئەنجام دەدات.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٥ / ٦ / ٢٠٢٣