لیژنەی وەبەرھێنانی پەرلەمان میوانداری بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زەیتون لە ئەبوغرێب دەکات

لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدانی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار حەسەنێن خەفاجی، ئەمڕۆ یەکشەممە، میوانداری بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای زەیتون، کۆمپانیای جێبەجێکاری کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زەیتون لە بەغداد قەزای ئەبوغرێب کرد.
لەدیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە ھاوڵاتیانی سوودمەندی پرۆژەکە ئامادەیبوون، گرنگترین کێشەو لەمپەرەکان کە پێویستی بەچارەسەرکردن ھەیە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، لەوانەش ووردبینیکردن لە نەخشەکانی‌ پلانەکەداو بەراوردکردنی لەگەڵ جێبەجێکردنەکەیداو دواکەوتنی ڕادەستکردنی یەکەکان بە خاوەنەکانیان، ھەروەھا جگە لە تەواونەکردنی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانی وەک سیستمی غاز، ئاوی باران، تۆڕی ئاوی خواردنەوەو زێراب، تۆڕی کارەبا، جگە لە خوێندنگەو بازاڕو چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە.
له‌ لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای جێبەجێکار باسی لە ھۆکارەکانی دواکەوتنی کارەکان کرد، کە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا بەپێی گرێبەستەکە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان، بەڵێنیشیدا ژمارەیەک لە کێشەکان چارەسەر بکات، لەوانە دروستکردنی سیاج بۆ پرۆژەکەو دەرکردنی تاپۆ لە فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەو ڕادەستکردنی یەکەکان بەپێی کاتێکی دیاریکراو و دانانی مۆلیدە بۆ نیشتەجێبووانی ناو پرۆژەکە تا ئەو کاتەی کارەبای نیشتیمانی بۆ پرۆژەکە ڕادەکێشن، ھەروەھا جگە لە تەواوکردنی جێگای خزمەتگوزاری و بازرگانی و کات بەسەربردن لەناو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکەدا.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٦/٤