لیژنەی ئاسایش و بەرگری دانیشتنێكی هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئەنجامدا تایبەت بە دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی پەرلەمانتار خالید عوبێدی و بەئامادەبوونی بەڕێزان ئەندامانی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەكانی دەرەوە دانیشتنێكی هاوبەشیان ئەنجامدا بۆ گەنگەشەی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەرخاكی عێراق و دواهەمینیشیان بۆردومانی هاوینەهەواری پەرەخ لە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆك.
لەكۆبوونەوەكەدا كە لە هۆڵی دەستووری لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار محەمەد عەبدولئەمیر عەنوز سەرۆكی تەمەنی لیژنەی یاسایی و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە و جێگری سەرۆكی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئەنجام درا، تاوتوێی ڕاسپاردەكانی نێو كۆبوونەوەكە كرا، بەمەستی بەرزكردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن.
پەرلەمانتار خالد عوبێدی ڕوونیكردەوە كە كۆبوونەوەكە لەسەر داوای سەرۆكایەتی ئەنجومەن بووە، بۆ خستنەڕووی چەند ڕاسپاردەیەك سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، ئاماژەی بە گرنگی گوێگرتن لە راسپاردەكان و گەنگەشە كردنیان و بەرزكردنەوەیان بۆ سەرۆكایەتی دا، جەختیشی لەوە كردەوە كە گرنگە دانوستانێكی قووڵ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان بە قەیرانەكەوە هەبێت، كە ئەوانیش بریتین لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و حكومەتی توركیا بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە.
لەلایەن خۆیەوە پەرلەمانتار عامر فایز سەرۆكی تەمەنی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕوونی كردەوە كە، لیژنەكەیان چەند ڕاسپاردەیەكی ئامادەكردووە كە، دواتر لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری گەنگەشەیان دەكات بۆ دەركردنی ژمارەیەك ڕاسپاردەی هاوبەش وهەروەها بەرزكردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن.
لەلایەن خۆیانەوە ئەندامانی بەڕێزی لیژنەی ئاسایش و بەرگری جەختیان لەوە كردەوە كە بەردەوام دەبن لە دەركردنی كۆمەڵێك ڕاسپاردەی تۆكمە كە سەروەریی عێراق لە پێشێلكارییەكان بپارێزێت، ئاماژەیان بەوەشدا كە ناوچەی ڕووداوەكە پێویستی بە زیادكردنی ژمارەی هێزە ئەمنییەكان هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە وهاوڕێ لەگەڵ تەیار كردنیان بە كەرەستە سەربازیی و ئەمنییە پێشكەوتووەكان لە گرنگترینیشیان كامێرای حەراری، هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە داوا لە حكومەت دەكرێت دۆسیەیەكی تێروتەسەلیان بۆ بنێرێت لە ڕێگەی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییەوە تایبەت بە دەستدرێژیكارییەكانی توركیا تا لە نێو لیژنەكەدا خوێندنەوەی بۆ بكرێت، دووپاتیشیان كردەوە كە كۆمەڵێك ڕاسپاردەی گونجاو بە قەبارەی ڕووداوەكە دەردەكەن
هەروەها ئەندامانی بەڕێزی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە تیشكیان خستەسەر پێویستیی دەركردنی كۆمەڵە ڕاسپاردەیەك، كە لەگەڵ كەتواری سیاسی ئێستای وڵاتدا بگونجێت، جەختییان لەوەش كردەوە كە هەر چەشنە دەستدرێژیی و پێشێلكارییەك بۆ سەر سەروەریی عێراق ڕەتدەكەنەوە وئاماژەشیان بەوەدا كە دەكرێت تاوتوێی گرێبەستی ئەمنیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئەنجام بدرێت، ئەوەشیان ڕوون كردەوە كە میوانداریكردنی بەرپرسانی ئەمنی بۆ ناو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق وێنەیەكی ڕوون و تەواویان پێ دەبەخشێت، كە وامان لێدەكات هەرجۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەر خاكی عێراق و بەبیانوگرتنی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان(PKK) لە لایەن توركیاوە بۆ پێشێلكاریی سەر سەروەری عێراق، ڕەتبكەینەوە ، ئامادەیی خۆیشیان دەربڕی بۆ هەرجۆرە هاوكارییەك لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریدا بۆ دەركردنی كۆمەڵە ڕاسپاردەیەك كە پارێزگاریی لە سەروەریی عێراق بكەن لەو پێشێلكارییانە، چ سەربازیی یاخود سیاسیی بێت.
ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی لاوەكی تایبەت بە پرسی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر سەروەریی عێراق، بۆ گەیشتن بە دیدێكی هاوبەش و ڕێككەوتن لەسەر یەكسختنەوەی ڕاسپاردەكان، بۆ بەرزكردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن