د.شاخەوان عەبدوڵا لەکەرکوک پێشوازی لە هاوڵاتیان دەکات و گوێ لەخەم و نەهامەتیەکانی رۆژانەیان دەگرێت، داواش لەفەرمانگەکانی حکومەت دەکات کۆتایی بە نەهامەتییەکانیان بهێنن و کێشەکانیان چارەسەربکەن

لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامیى بۆ بارودۆخی هاوڵاتییان و خەمەکانى رۆژانەیان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە نوسینگەی خۆی لە پارێزگای کەرکوک، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک خەڵکى شارەکە بەنەتەوە جیاوازەکان و پێکهاتەکانییەوە .

بەڕێزيان گوێبیستی نەهامەتییەکانی ژیانی هاوڵاتیان بوو، گفتوگۆشیان کرد دەربارەى بارودۆخ و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری شارەکە، وێڕاى تاوتوێکردنى لایەنى ئەمنی و ئابوری بەشێوەیەکی گشتی و، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان و دانانی سنورێک بۆیان.

جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن لەمیانى وتەکانیدا لەگەڵ هاوڵاتییانی کەرکوک، داواى ئاڕاستەى فەرمانگە حکومی و خزمەتگوزارییەکانى ناو پارێزگاى کەرکوک کرد زیان و نەهامەتییەکانى سەرشانیان هەڵبگرن، هاوکات بەدواداچوونیش بۆ کێشەو داواکارییەکانیان بکات بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا ته‌ئکیدیشیکرد، سه‌ره‌ڕای‌ کێشه‌ سیاسییەکان ، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌رده‌وامه لەکار و ئه‌رکی‌ یاسادانان وچاودێریکردن، کاریشدەکات لەسەر داڕشتنی ئەو یاسانە و هەموارکردنیان، کە پەیوەستن بەپێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بە سەرجەم هاووڵاتیان لەتەواوی پارێزگاکانى عێراق.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢