دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا لەمیانی سەرۆکایەتیکردنی کۆبونەوەی لیژنەی دارایی جەختدەکات لەسەر پێویستی پەلەکردن لەتەواوکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بەهۆی ئەوەی یاسایەکی گرنگەو پەیوەستە بەژیانی هاوڵاتیان و بەشداریدەکات لەسەقامگیری بارودۆخی ئابوری و ئاسایش لە وڵاتدا

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کرد بەئامادەبونی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە، بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و تۆمارکردنی تێبینییە گشتیەکان بەشێوەیەکی چڕوپڕ لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی 2023و2024و 2025 .

لەسەرەتادا، بەڕێزی ستایشی هەوڵی بەردەوامی ئەندامانی لیژنەکەو کۆبونەوەی ڕۆژانەی کردن لەگەڵ وەزیرەکان و سەرۆکی دەستەو پارێزگارەکان و بەردەوامیدانیان بە ئەرک و بەرپرسیارێتیە نیشتمانیەکانیان، بەرامبەر پڕۆژەی یاسای بودجە.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، لەمیانی قسەکانیدا جەختی لەگرنگی پەلەکردن لە بەجێگەیاندنی پڕۆژە یاسای بودجە کردەوە، بەهۆی ئەوەی یاسایەکی گرنگەو پەیوەستە بەژیانی هاوڵاتیان و چاوەڕوانیەکانیان و بەشداریدەکات لەسەقامگیری بارودۆخی ئابوری و ئاسایش لە وڵاتدا.

داواشیکرد: بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشبکرێت و بەرژەوەندی نیشتمانی بەدیبهێنرێت و پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت کە بەدەست کەمی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنن، ئاماژەشی بەگرنگی سود وەرگرتن لەو کەشە ئەرێنیە کرد کە لەئارادایە، بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
چوارشەممە 10ی ئایاری 2023