دکتۆر شاخەوان عەبدولڵا بەئامادەبونی وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە دەکات

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, ئەمڕۆ سێ شەممە 9/5/2023، سەرۆکایەتی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کرد بەئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە.

لەمیانی کۆبونەوەکەدا، میوانداری دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیری دەرەوە کرا لەگەڵ بریکارانی وەزارەتەکەی.

وەزیری دەرەوە ، کاری وەزارەتەکەی خستەڕوو لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی لەسیاسەتی دەرەوەداو دروستکردنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان و گێڕانی ڕۆڵێکی ئەرێنی و هاوسەنگ لەناوچەکەو، بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆماری عێراق لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان و نوێنەرایەتیکردنی وڵات بەجۆرێک شیاوی کەلەپوری شارستانی و پێگە مێژوییەکەی بێت.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، لەمیانی وتەکانیدا ئاماژەیدا بەگرنگی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی دەرەوەو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو ، ئاگادارکرنی پەرلەمانتاران لەپلانەکانی وەزارەت، بەتایبەت ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەو پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لەسەربنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێ شەممە 9 ی ئایاری 2023