دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا سه‌رپه‌رشتی‌ راده‌ستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ باره‌گای‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ كه‌ركوك بە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كات و ، به‌فه‌رمانی‌ سه‌رۆك بارزانیش باڵه‌خانه‌كه‌ پێشكه‌شی‌ زانکۆی‌ كه‌ركوك ده‌كرێت

به‌ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 5ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023، رێوڕه‌سمی‌ راده‌ستكردنی‌ باڵه‌خانه‌ی‌ باره‌گای‌ پێشكه‌وتووی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ كه‌ركوك بە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان / ئۆفیسی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كه‌ركوك- گه‌رمیان كرا.

رێوڕه‌سمه‌كه‌، به‌ ئاماده‌بوونی‌ فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ كه‌ركوك و سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك و جێگری‌ پارێزگار و به‌رپرسی‌ لقی‌ سێی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ پارێزگاكه‌ بەڕێوەچوو.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند به‌فه‌رمانی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ باڵه‌خانه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك كرا.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن له‌ كۆنگره‌یەکی رۆژنامه‌وانیدا، سوپاسی‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سودانی‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ فیدڕاڵی‌ كرد، بۆ په‌رۆشی‌ جێبه‌جێكردنی‌ كارنامەی رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌، به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ باره‌گاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ تر، بۆ موماره‌سه‌كردنی‌ چالاكییه‌كانیان به‌پێی‌ یاسا و ده‌ستوور .

له‌درێژه‌ی‌ وته‌كانیدا رایگەیاند:” سه‌رۆك بارزانی‌ به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ پشتیوانی‌ كه‌ركوك ده‌كات و ، پرسی‌ پێكه‌وەژیانی‌ ئاشتییانه‌ له‌ پارێزگاكه‌شدا له‌ پێشینه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌و، پاراستنی‌ پێكه‌وەژیانی‌ ئاشتییانه‌ و یه‌كڕیزی رۆڵه‌كانی‌ پارێزگاكه‌، له‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌كانه‌ “.

پاشان به‌رێز عومران جه‌مال، سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ به‌رزنرخاند، له‌ پێشكه‌شكردنی‌ باڵه‌خانه‌كه‌ به‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك، هه‌روه‌ها سوپاسی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و هەموو ئەوانەشی کرد ‌به‌شداربوون له‌م ده‌ستكه‌وته‌دا .

 

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
یه‌ك شه‌ممه‌ 5ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023