ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێ یاسا تەواو دەکات

ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی دووشەممە، لە دانیشتنی شەشەمی وەرزی یاسادانانی یەکەمی، ساڵی سێیەمی یاسادانان، لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەم، کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز موحسین مەندەلاوی، لەشوێنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەبونی 168 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، خوێندنەوەی سێ یاسای تەواوکرد.

ئەنجومەن خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای هاتوچۆ ژمارە (8) بۆ ساڵی 2019 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە پێشەکەشکرا.

ئەنجومەن، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای پرۆسەی چاندنی ئەندامەکانی مرۆڤ و رێگەگرتن لە بازرگانیکردن پێیانەوە ژمارە (11) بۆ ساڵی 2016 تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری و تەندروستی و ژینگەو مافی مرۆڤ و یاساییەوە پێشکەشکرا.

هاوکەت ئەنجومەن لەدانیشتنەکەدا، کە دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن سەرۆکایەتی بەشێکی کرد، خوێندنەوەی راپۆرت و تاوتوێی پڕۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی لێخۆشبونی دوولایەنەی لە پێداویستیەکانی ڤیزا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی کۆریای باشور تەواوکرد، کە لەلایەن لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشکەشکرا.

 

دواتر بڕیاردرا دانیشتنەکە بۆ رۆژی سێ شەممە هەڵبگیرێت

ئەنجومەنی نوێنەران

فەرمانگەی راگەیاندن

12ی شوباتی 2024