مەندەلاوی و حەکیم پێداگری لە پاڵپشتیکردنی رێوشوێنەکانی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دەکەن لەبارەی پاراستنی سەروەری عێراق

بەڕێز موحسین مەندەلاوی، لەشوێنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی یەک شەممە، چاویکەوت بە بەڕێز عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشهاتەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیی.

لەمیانی دیدارەکەدا، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی لەوڵات کرا، لەگەڵ پێویستی دەستکردن بە هەنگاوە کردارییەکان بۆ چالاککردنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان.

مەندەلاوی و حەکیم، لەمیانی قسەکانیاندا، لەبارەی پێشهاتەکان لەناوچەکەو لێکەوتەکانی لەسەر عێراق، پێداگریان کرد لەسەر بایەخی پشتیوانیکردنی ئەو رێوشوێنانەی کە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەبارەی پاراستنی سەروەری عێراق دەیگرنەبەر، لەگەڵ رێگەگرتن لە دوژمنکاریەکان و پێشێلکاریە دووبارەکان و بێدەنگ نەبوون لەئاستیاندا.

 

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
٢٠٢٤/٢/١١