لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئومەی تورکی رێکدەکەوێت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیە پەرلەمانیەکان و چالاککردنی لیژنەی دۆستایەتی

بەڕێز موحسین مەندەلاوی، لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی پێنج شەممە، لەمیانی دیداری لەگەڵ بەڕێز بەکر بوزداغ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئومەی تورکی، لە ئەنکەرەی پایتەخت، رێککەوت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیە پەرلەمانیەکان لەنێوان هەردوو وڵات و، چالاککردنی رۆڵی لیژنەی دۆستایەتی عێراقی تورکی و هاوکاری هاوبەش لە کۆی بوارەکاندا.

مەندەلاوی، جەختیکرد لەوەی، عێراق ساڵانێکی دورودرێژ ناڵاندی بەدەست تیرۆرەوە، هەموو ئەو گروپانەش رەتدەکاتەوە، کە زمانی کوشتن و وێرانکاری پیادە دەکەن، ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەت بابەتی پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و بەتایبەتیش سنوری عێراق و تورکیایی خستووەتە پێشینەی ئەرکەکانی، داواشکرد تورکیا هاوکاری عێراق بکات لە رادەستکردنەوەی داواکراوەکان لەلایەن دادگای عێراق، بەتۆمەتی گەندەڵی کە لەسەر خاکی تورکیا نیشەجێن.

سەرۆکی شاندی عێراق رایگەیاند: عێراق دۆخێکی سەقامگیری ئەمنیی بەخۆوە دەبینێت و، دەخوازێت خاڵێکی ئەرێنی بێت لە ناوچەکە، تورکیا بە هاوبەشێکی بنەڕەتی دەزانێت و پەیوەندی توندوتۆڵ پێکیانەوە ببەستێتەوە، لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانیش لەڕێی بەندەرەکانی تورکیاوە، مەندەلاوی، باسی لە چارەسەری ئەو پرسە کرد لەنێوان ناوەندو هەرێم.

 

نوسینگەی راگەیاندن

لەبری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران

٢٠٢٤/٤/١٨