لیژنەی یاسایی پەرلەمان پرۆژە یاسای وەرگرتنەوەی داھاتی گەندەڵی دەخاتە بەرنامەی کارەوە بۆ خوێندنەوەی یەکەم

لیژنەی یاسایی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی بەست، بۆ تاوتوێکردنی یاساکانی ناو بەرنامەی کارەکانيدا.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا لیژنەکە بڕیاریدا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پرۆژەیاسای ھەمواری یاسای سزادان ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ ئامادەبکات، تاوەکو لەدانیشتنی داھاتووی ئەنجومەندا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
ھاوکات لیژنەکە بڕیاریشیدا ھەردوو پرۆژە یاساکانی پاراستنی فکرو وەرگرتنەوەی داھاتی گەندەڵی بنێرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەن بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داھاتوی ئەنجومەن بۆ خوێندنەوەی یەکەم.
لەسەر ھەمان تەوەر بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی چەند پرۆژەیاسایەکیان کرد وەک ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی شۆڕشی ھەڵوەشاو و خستنە ناو بەرنامەی کاری ئەنجومەندا، بە مەبەستی ئه‌نجامدانی‌خوێندنەوەی یەکەم بۆیان و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ ھەندێک پرۆژە یاسای دیکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە بڕیاریدا بە ناردنی ھەمواری یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پێکھاتەکانی بۆ خوێندنەوەی یەکەم.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٢/١٣