لیژنەی یاسایی پەرلەمان میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بنەماکانی ھاوتاکردنی بڕوانامەکان لە وەزارەتی نەوت تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، میوانداری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ھەریەک لە ( فەرمانگەی کارگێڕی، فەرمانگەی یاسایی، فەرمانگەی ڕاھێنان و پەرەپێدان)ی لە وەزارەتی نەوت کرد، بەمەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی یاسای بنەماکانی ھاوتاکردنی بڕوانامەکان و پلەی زانستی و عەرەبی و بیانی ژمارە ٢٠ ی ساڵی ٢٠٢٠.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا لیژنەکە جەختی لە پئویستی یەکلایی کردنەوەی بابەتی ھەژمارکردنی بڕوانامەکانی بەر لە بەرواری ٢٠٢٠/١٠/٢٨ و ھەروەھا پابەند بوون بە جێبەجێکردنی یاساکە کردەوە، ئەو بڕوانامانەی لەدوای ئەو بەروارە بەدەستھێنراوە بەجێدەھڵرێت بۆ دەسەڵاتی مەزەندەکردنی وەزارەتەکە.
له‌لای خۆشیانەوە شاندەکەی وەزارەتی نەوت ئەو میکانیزمانەیان خستەڕوو کە وەزارەت پشتی پێدەبەستێت لە بابەتی ھەژمارکردنی بڕوانامەو ھەروەھا ڕێژەی ئەوانەی کە بڕوانامەی باڵایان بەدەستھێناوە لەناو فەرمانبەرانی وەزارەتداو ئاماژەیان بەوەشکرد، کە بەدەستھێنانی بڕوانامەی باڵا کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژمارەی فەرمانبەران لەئاستی مامناوەنددا، ھەروەھا ڕایانگەیاند کە دەستەی بۆچوون لە وەزارەت لەسەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، کۆبوونەوەیەک دەبەستێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە.
لەسەر ھەمان تەوەر لیژنەی یاسایی جەختی لە چارەسەرکردنی بابەتی ھەژمارکردنی بڕوانامەکان کردەوە، بەجێبەجێکردنی خێرای یاسای بنەماکانی ھاوتاکردنی بڕوانامەکان.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٤/٢٨