لیژنەی یاسایی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی بەشی یاسا لە کۆمسێۆنی باڵای کاروباری پەنابەران کۆدەبێتەوە

بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ژمارەیەک په‌رله‌مانتار، لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی بەشی یاسایی کۆمسێۆنی باڵای کاروباری پەنابەران و شاندی یاوەری کۆبوویەوە.
لەدیدارەکەدا پرسی نەبوونی ڕەگەزنامە بۆ ھەندێ لە کوردانی فەیلی و گرنگترین یاسا نێودەوڵەتیە تایبەتیەکان گفتوگۆیان لە بارەوەکرا.
ھەر لە دیدارەکەدا لیژنەکە جەختی لە پێویستی دادپەروەری‌ بەرامبەر ئەو کوردە فەیلیانە کردەوە، کە نەبونەتە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی یاخود ئەو کوردە فەیلییانەی لەبەر ھۆکاری سیاسی و لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕەگەزنامەکانیان لێسەندراوەتەوە، ھەروەھا تاوتوێی دۆخی ئاوارەو کۆچبەرانیش کرا.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ دەبێت قۆناغەکانی کارکردن ڕوون بن و سەرەتا کێشەکە دەستنیشان بکرێت و پاشان چارەسەری کاریگەری بۆ دابنرێت، ھەروەھا میکانیزمەکانی چارەسەر، بەتایبەت چارەسەرکردنی دۆخی ئەو کەسانەی کە لەدەرەوەی عێراق دەژین.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی بەشی یاسایی لە کۆمسێۆنی باڵای کاروباری پەنابەران قۆناغەکانی کارکردنیان و ئەو دەرئەنجامانەی کە پێیگەیشتوون خستەڕوو، ئەویش بەپێی ئەو ڕاپرسی یە سەرەتاییەی کە لە (١٠) پارێزگا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ئەنجامدراوەو دەرکەوتووە ئەوانەی کە ڕەگەزنامەیان نیە ڕێژەیەکی زۆر کەمن، داواشیان کرد کەوا ھەماھەنگی و ھاریکاری و ڕێکخستنی وۆرکشۆپی ھاوبەش لە نێوان لیژنەی یاسایی و کۆمسێۆنی باڵای کاروباری پەنابەران ئەنجامبدرێت، سەبارەت بە یاسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە بابەتەکانی ناو کۆبوونەوەکە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٦/١