لیژنەی یاسایی پەرلەمان بڕیاردەدات یاسای دامەزراندنى فەرمانبەرانی دەوڵەت بخاتە نێو بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجومەندا بۆ خوێندنەوەی یەکەم

لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو ، بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە ، ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی بەست، بۆ تاوتوێکردنی یاساکانی ناو بەرنامەی کاردا.
ئامادەبووان کۆتا تێبینیە پێشکەشکراوەکانیان سەبارەت بە پرۆژە یاسای ھاریکاری یاسایی تاوتوێکرد، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داھاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت.

ھاوکات لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر چەند پرۆژە یاسایەکی تر لەوانە، پرۆژەی‌ یاسای ھەمواری یاسای سزادانی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩، و پرۆژە یاسای ھەمواری یاسای مادە ھۆشبەرەکانی‌ ژمارە ٥٠ی ساڵی ٢٠١٧، ئەمە جگە لە پرۆژە یاساکانی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ھەڵوەشاو، ھەروەھا یاسای دامەزراندن بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت، بۆ ئەوەی بیخەنە ناو بەرنامەی کاری داھاتووی ئەنجومەندا.
لەلایەکی ترەوە لیژنەکە جەختیکرده‌وه‌ لەسه‌ر پێویستی کاراکردنی ڕۆڵی چاودێری و بڕیاریدا خشتەی کاتێک دیاری بکات بۆ میوانداریکردنی ژمارەیەک لایەنی جێبەجێکار، لەپێناو تاوتوێکردنی چەند دۆسێیەکی گرنگ.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/١/٢٨