لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكانی‌ پەرلەمان تاوتوێی ھەڵسەنگاندنی شێوازی کارکردنی پارێزگارەكان و فەرمانگەو یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە دەکات

لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێک پێکناھێنن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٤/١/٢٨، بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی و بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست، بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیە.
لیژنەکە گفتوگۆیکرد لەبارەی ئەو نوسراوانەی کە بەدەستی گەیشتووە تایبەت بە کاری لیژنەکە پشتبەست بە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و جێبەجێکردنی لایەنی چاودێری.
لیژنەکە جەختیکردەوە لەسەر دانانی پرۆگرامێکی چڕ، بۆ سەردانیکردنی پارێزگاکان و ئاگاداربوون لە کارەکانیان و ھەروەھا وەستان لەسەر گرنگترین ئەو لەمپەرانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، جگە لە سەردانیکردنی مەیدانی بۆ قەزا و ناحیەکان.
ھاوکات ئه‌ندامانی‌ لیژنە ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پارێزگاکان بەسەر بەڕێزان ئەندامانی لیژنەکەدا، بەڕەچاوکردنی شوێنی جوگرافی لە بەدواداچوون بۆ قەزاکان، بەئامانجی ھەڵسەنگاندنی کارو ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر کێشەو گرفتەکان کە ڕووبەڕووی پاریزگاکان دەبنەوە.
پاشان لیژنەکە تاوتوێی ھەمواری یاسای پارێزگاکانی کرد، ھەروەھا میوانداریکردنی کەسانی پەیوەندیدار لەپێناو ھەموارکردنی گونجاو بۆ ھەندێک لە ماددەکانی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان و گەیشتن بە فۆرمەلەیەکی ھاوبەش سەبارەت بە یاساکە.
ھاوکات گوێ بۆ پێشنیازی بەڕێزان ئەندامانی لیژنەکە گیرا، سەبارەت بە دەرکردنی پێشنیاری‌ یاسایەکی نوێ، لیژنەکە ڕێکەوتن لەسەر ناردنی نوسراوێک بۆ سەرۆکی ئەنجومەن و دوو جێگرەکەی، کە دووپاتی دەنگدان لەسەر یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەو یاسای موختارەکان ده‌كاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لیژنەکە کاتێکی دەستنیشانکرد بۆ میوانداریکردنی دەستەی وەبەرھێنان بەھەماھەنگی لەگەڵ لیژنەی وەبەرھێنانی پەرلەمان، لەپێناو تاوتوێکردنی کەرتی وەبەرھێنان و کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە وەبەرھێنانەوە، جگە لە دانانی میکانیزمێک بۆ بانگەشەکردن بۆ پرۆژەکانی وەبەرھێنان.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/١/٢٨