لیژنەی یاسایی میوانداری کۆمسێۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەکات

لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، میوانداری سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و کادرە تەکنیکیە پێشکەوتووەکانی کۆمسێۆنی باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن کرد.
لە دیدارەکەدا ئامادەکارییەکانی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لیژنە پرسیاری سەبارەت به‌ ئامادەکارییەکانی کۆمسێۆنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ئاراسته‌كرد، بەتایبەت بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکۆتایی ئه‌م ساڵ و بەڕێزان ئەندامانی لیژنە لە وتەکانیاندا تیشکیان خستەسەر چەند بابەتێک لەوانە گرنگی ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکان لەماوەی ٢٤ کاتژمێرداو ژمارەی دەنگدەرو کارتی بایۆمێتری دابەشکراو و ڕێژەی دابەشكردنەکە، بەپێی ھەر پارێزگایەک، ھەروەھا جگە لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەی دەرنەچوونی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران و دیاریکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھەروەھا ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆک و ئەندامانی کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کارو ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان خستەڕوو، ئاماژەشیان بەوەکرد کەوا کۆمسێۆن دەستیکردووە بە دانانی خشتەیەک بۆ کارەکان ئەویش بریتیە لە بەردەوامبوونی پرۆسەی تۆمارکردنی باێۆمێتری دەنگدەرو تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتیەکان و کاندیدان، جەختیشیان لە گرنگی دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشێوەی کۆتایی کردەوە، کە بڕیارە لە بەرواری (٢٠٢٣/١٢/٢٠) ئەنجامبدرێت و پارەی پێویستی بۆ تەرخانبکرێت.
لەسەر ھەمان تەوەر کۆمسێۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکرد کەوا کۆی ژمارەی دەنگدەر لە ئێستادا زیاترە لە (٢٧) ملێۆن و ژمارەی تۆمارکراونی باێۆمێتری زیاترە لە (١٧) ملێۆن و ژمارەی ئەو دەنگدەرانەش کە کارتی باێۆمێتریان بۆ نەکراوە لە (٩) ملێۆن زیاترە، ئەمە لەکاتێکدا ژمارەی کارتی دابەشکراو گەیشتۆتە (١٥) ملێۆن و زیاتر لە (٢) ملێۆن کارتیش ھێشتا دابەشنەکراوە، ھەروەھا ئاماژەیان بەوەکرد كه‌ مەحاڵە لە ڕووی تەکنیکیەوە بتوانرێت لەھەمان کاتدا ھەڵبژاردنی ھەرێم و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت.
لەکۆتایی میوانداریەکەدا ئەو ڕاپۆرتەی کە کۆمسێۆن ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنەی یاسایی كردووه‌ و گرنگترین تێبینیە پێشکەشکراوەکان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە تاوتوێکران.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٥/٣١