لیژنەی یاسایی بەردەوام دەبێت لە تاوتوێکردنی پێشنیارەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ دووشەمە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، بۆ تاوتوێکردنی پێشنیاری‌ یاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨.
لە میانه‌ی دیدارەکەدا، لیژنە بەردەوام بوو لە تاوتوێکردنی پێشنیارە پێشکەشکراوەکان سەبارەت بە ماددەو بڕگەکانی پێشنیازە یاساکە دوای ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم لە دانیشتنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنە بڕیاریدا بە پەسەندکردنی پێشنیاری کارتی بایۆمێتری بۆ دەنگدەران، ھەروەھا پەسەندکردنی تەمەنی (٢٨) ساڵ بۆ کاندیدی ئەنجومەنی پارێزگاکان و (٣٠ ) ساڵ بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران و ناشبێت ڕێژەی خاوەن بڕوانامەی ئامادەیی لە ٢٠٪‏ زیاتر بێت، جگە لەوەی نابێت کاندیدەکە ڕێکارەکانی لێپرسینەوەو دادپەروەری بیگرێتەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، لیژنە بڕیاریدا لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا گفتوگۆکان سەبارەت بە ماددەکانی تری یاساکە تەواو بکات.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٦/٣/٢٠٢٣