لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان میوانداری پارێزگارە بەڕێزەکان دەکات بۆ تاوتوێکردنی بودجەی پارێزگاکان و گەشەپێدانی ھەرێمەکان

لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی کە ھەرێم پێکناھێنن ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٥/٢ بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دڕاجی و بەئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنە، میوانداری پارێزگارە بەڕێزەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی کرد، بۆ تاوتوێکردنی بودجەو تەرخانی دارایی گەشەپێدانی ھەرێمەکان تایبەت بە ھەر پارێزگایەک بەپێی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا کە لە ھۆڵی شەبیبی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، پەرلەمانتار دەڕاجی بەخێرھاتنی ئامادەبووانی بەڕێزی کردو ئاماژەی بە پشتیوانی لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان بۆ کارەکانیان و خستنەگەڕی ھەموو ھەوڵەکان کرد، لە پێناو بەرەوپێشبردنی دۆخی‌ خزمەتگوزاریەکان لە پارێزگاکان، ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر بڕگەکانی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ و بڕی تەرخانکردنەکانی ناوی بۆ ھەر پارێزگایەک كرا، بەپێی ژمارەی دانیشتوان و ئەو داھاتەی کە لە پترۆدۆلارەوە بۆی دێت و ئایا ئەو بڕە پارەیەی لە بودجەکەدا تەرخانکراوە بەپێی پێویستەو لەگەڵ پێداویستیەکانی پارێزگاکەو ڕۆڵەکانی ده‌گونجێت، یاخود دەبێت زیاد بکرێت.
ھەر لە میانی میواندارییەکەدا گفتوگۆی دورودرێژ ئەنجامدرا و هەموو پارێزگارەکان گوێیان لێ گیراو پێداویستی پارێزگاکان لە ڕووی تەواوکردنی پرۆژە بەردەوامەکان و ھەروەھا کارکردن بۆ ئەنجامدانی پرۆژە نوێیەکان و پرۆژە پەیوەندیدارەکان بە ژێرخانی ئابوری خرانەڕوو و ئاماده‌بووان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە بەپێی پێویست نیەو دەبێت زیاد بکرێت، ھاوشێوەی ئەو تەرخانە داراییەی لێبکرێت کە لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا لەساڵی ٢٠٢٢ دەنگی لەسەردرا، کە تەرخانکردنی بڕی پارە تیایدا گونجاو بوو بۆ ئەنجامدانی پرۆژە گرنگەکان، ھەروەھا زیادکردنی بودجەی گەشەپێدانی ھەرێمەکان و خەرجکردنی شایستەکانی پترۆدۆلار بەو جۆرەی ڕێكه‌وتنی‌ له‌سه‌ر كراوه‌.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنە سوپاسی سەرجەم ئامادەبووانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە کارەکانیاندا بۆ خزمەتكردنی ڕۆڵەکانیان لە پارێزگاکانیانداو بەڵێنی پێدان کە لیژنەکە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەکانیان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان بە مەبەستی زیادکردنی بڕی تەرخانکراوی دارایی پارێزگاکان و زیادکردنی بودجەی گەشەپێدانی ھەرێمەکان لە بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژە بەردەوامەکان و کارکردن بۆ ئەنجامدانی پرۆژە نوێیەکان و پرۆژە پەیوەسته‌كان بە ژێرخانی ئابورییەوە، لەپێناو فەراھەمکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ ڕۆڵەی سەرجەم پارێزگاکان، به‌جۆرێك كه‌ ببێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی دۆخی‌ خزمەتگوازاری لە پارێزگاکەدا.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٥/٢