لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان سەردانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات

لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێک پێکناھێنن لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/٣/٢، بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید حەسەن دەڕاجی و بەیاوەری سەرجەم ئەندامانی لیژنە، سەردانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی کردو لەلایەن ڕاوێژکار دکتۆر موحەمەد شاکر نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا.
نوێنەری حکومەتی ھەرێم بەخێرھاتنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکەی کرد، کە ئامانجی پشت سەردانیکردنەکە ئاگاداربوونە لە بارودۆخی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و دەرفەتێکیشە بۆ پتەوکردنی لێکتێگەیشتنەکان و ھاریکارییەکان و نزیککردنەوەی دیدگاکان لەنێوان پەرلەمانی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا.
ھاوکات سەرۆک و ئەندامانی لیژنە لەسەر ئەو پێشوازییە گەرموگوڕە سوپاسی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کردو ھیواخوازبوون کە سەردانێکی بەرھەمداربێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەوگرفتانەی کە ڕوبەڕووی پارێزگاکان و ھاوڵاتیانی ھەرێم دەبنەوە، ھەروەھا دانانی چارەسەرە کاریگەرو گونجاوەکان لەپێناو بەدیھاتنی خواستەکانیان.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٣/٤