لیژنەی کشتوکاڵ میوانداری ژمارەیەک لە نوێنەری جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکات

لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان، ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار فالح خەزعەلی سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار زۆزان کۆچەر جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەو پەرلەمانتار غەریب ئەحمەد مستەفا، پێشوازیان لە نوێنەری جوتیارانی ھەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە لەبارەگای سەرەکی لیژنە بەڕێوەچوو، تاوتوێی سەرجەم ئەو کێشانە كرا کە ڕووبەڕووی جوتیارانی ھەرێم دەبێتەوە، کە بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی نرخی وەرگرتنی بەرهەمی گەنم لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ساڵانی پێشووی جووتیاران لە ئەنجامی کەمی ئاو و کەمبوونی پاڵپشتی حکومەت بۆ پێداویستیەکانی پرۆسەی کشتوکاڵ، ھەروەھا ئامادەبووان داوای کردنەوەی لقێکی بانکی کشتوکاڵییان کرد لە هەرێم بۆ سودمەندبوون لەو قەرزانەی کە بانکەکە دابینی دەکات و بۆ ئاسان گەڕاندنەوەی قەرزەکان لە کاتی خۆیداو خواستی خۆیان پیشاندا بۆ ئەوەی لیژنەکە ھاریکاریان بکات سەبارەت بە لێخۆشبوونیان لەو ٪‏٢ ی کە لە کاتی بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بۆ سایلۆکان لێیان دەبڕدرێت، هەرچەندە دابەشکردنی بنەتۆو نایانگرێتەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆکی لیژنەکە جەختی لە مکوڕبوونی لیژنەکە کردەوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە باکوورەوە بۆ باشوور، لە نێویاندا پاراستنی بەرهەمهێنەرو بەکارهێنەر بە یەکسانی، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەنگاوێک لە لایەن لیژنەکەوە لە بەرزترین ئاستدا هەیە بۆ پشتگیریکردن لە کەرتی کشتوکاڵی‌.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، جووتیاران سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی لیژنەکە کرد بۆ پێشوازی و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان، بە هیوای ئەوەی لە گەڵ لایەنی پەیوەندیدارەکان ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن بۆ خزمەتكردنی جوتیاران لە هەموو شوێنێکدا.
له‌لای خۆیه‌وه سه‌رۆکی لیژنەکە داوایکرد داواکاریی پێشکەشکراو لە لایەن میوانان وەربگیرێت و ئاراستەی لایەنە کەرتی یە پەیوەندیدارەکانی بکەن.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٧/٢/٢٠٢٣