لیژنەی کارەبای پەرلەمان پرۆژەکانی لادانی تەنگی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٤/٤/٢ لیژنەی کارەباو وزە بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی چەند ئەندامێکی لیژنەکە، لەگەڵ بەڕێز عەممار موسا ئەمینداری بەغداو بریکاری تەکنیکی و بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای بەغداو بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نەخشەسازی و سەرجەم بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی سەر بە ئەمیندارێتی بەغداو بەڕێوەبەرانی لقەکانی کەرخ و ڕەسافەو سەدر، ھەروەھا جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت، لەناو بینای ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکرا دەربارەی پرۆژەکانی وزەو دانانی وێستگە لاوەکیەکان و ھەروەھا ڕێگاکانی لابردنی تەنگی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.
لیژنەی کارەبا جەختی لەسەر پێویستی ھاریکاری و ڕۆحیەتی کارکردنی پێکەوەیی کردەوە ھەروەھا ھەماھەنگی لەنێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ئەمەش لەپێناو جێبەجێکردنی پرۆژەکانی نەھێشتنی تەنگی و لۆد لەسەر تۆڕەکانی کارەباو دانانی وێستگە لاوەکیەکان، ئەوە جگە لە پێویستی پەلەکردن لە ڕێوشوێنەکانی تەرخانکردنی زەوی تایبەت بە وێستگەکان.
لیژنەکە دووپاتیکردەوە کەوا ھەوڵ دەدات بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم کێشەوگرفتەکان بدۆزێتەوە، ھەروەھا کارکردن لەنێوان ئەو فەرمانگانەی دەوڵەتدا کەوا پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە ، لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان پشتبەست بە کارنامەی حکومەت، بەمەبەستی بەدیھاتنی ئەنجام گەلێکی ھاوبەش و بنەبڕکردنی ڕۆتین، ھاوکات لیژنەکە داوای سەرجەم ئەو نوسراوە فەرمیانەی کرد کە پەیوەستن بە پرۆژەکانەوە.
لای خۆیەوە ئەمینداری بەغداد ئەو پێوەرو ڕێککارانەی ڕوونکردەوە کە لەڕێیانەوە زەوی بۆ وێستەگەکان بەپێی یاسا دابین دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد پەلە دەکەن لە ڕێوشوێنەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ وێستەگەکان، ھەروەھا ئاماژەی بە واژۆکردنی کۆنووسێک کرد لەگەڵ وەزارەتی کارەبا پەیوەست بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئامادەباشی خۆشی پیشاندا بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا، ھاوکات بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاشکراکرد سەبارەت بە تەرخانکردنی زەوی بۆ وێستگە لاوەکییەکان و ھەروەھا پێکھێنانی لیژنەیەک تایبەت بەو پرسە.
بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی کارەبای بەغداد باسێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە پلانەکانی وەزارەت بۆ لابردنی تەنگی سەر تۆڕەکان و دۆزینەوەی چارەسەرە گونجاوەکان بۆ پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان لەڕێی دانانی وێستگەکان و نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لەنێوان لیژنەی کارەبا کە لایەنی چاودێریی کردنە لەگەڵ ئامادەبووان بەڕێوەچوو، سەبارەت بەکۆی ئەو کێشەوگرفتانەی کەدەبنە بەربەست لە بەردەم کارەکان و ھەروەھا دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٤/٢