لیژنەی کارەبای پەرلەمان لەگەڵ ئەڵمانیا بەھێزکردنی ھاریکارییەکان لە بواری وزەدا تاوتوێ دەکات

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٤/٣٠ لیژنەی کارەبای پەرلەمان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە، سەردانی باڵێۆزخانەی ئەڵمانیا لە شاری‌ بەغداد كردو چاویکەوت بە بەڕێز ماکسیمیلیان ڕاتچ سەرۆکی شاندەکەوبەڕێز مایک لۆڤەر ڕاوێژکاری سیاسی، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پتەوکردنی ھاریکاریی نێوان عێراق و ئەڵمانیا لە بواری وزەدا.
بەڕێز موحەمەد نوری عەبد ڕەببە سەرۆکی لیژنە جەختیکرد لەوەی کە حکومەتی عێراق ھەموو پشتیوانییەکی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا دەکات کە خوازیاری وەبەرھێنانن لە عێراق و، ھەروەھا دووپاتیشیکردەوە کە عێراق ھەلی وەبەرھێنانی زۆری تێدایە لە بواری وزەدا.
ئەندامانی لیژنەکە باسێکی تێروتەسەلیان سەبارەت بە بارودۆخی وزەی کارەبا لە عێراق پێشکەشکرد ،ھەروەھا بڕی پێداویستی ڕاستەقینەی وڵاتەکەیان لەبەرھەمھێنانی وزە و ، ڕۆڵی کۆمپانیا ئەڵمانیەکان لە عێراق ڕوونکردەوە، کە جێی ڕەزامەندیی ھاوڵاتیان و حکومەتی عێراقن .
ھاوکات لیژنەکە جەختیکردەوە کە ھەوڵ دەدات پەرە بە وەبەرھێنان بدات لە بواری وزەی نوێبووەوەدا، ئاماژەیان بەوەشکرد یاسای وزەی نوێبووەوە کە ئێستا لیژنەکە ھەوڵی دەرکردنی دەدات، ھەلی وەبەرھێنان لەو بوارەدا بۆ گشت کۆمپانیا جیھانییەکان و لە نێویشیاندا کۆمپانیاکانی وڵاتی ئەڵمانیا دەڕەخسێنێت.
له‌لای خۆیەوە بەڕێز ماکسیمیلیان ڕاتچ سەرۆکی شاندی ئەڵمانیا، ڕوونیکردەوە کەوا حکومەتی ئەڵمانیا بایەخی گەورە دەدات بە ھاوکاریکردنی عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، لەنێویشیاندا بواری وزە ھەروەھا ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئەڵمانیا گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا واژوو کردووە بۆ دەرھێنانی غاز لە پارێزگای بەسڕە، وە جەختیشی لەبەردەوامبوونی پشتیوانی ئەڵمانیا بۆ عێراق کردەوە لە بواری وزەدا.
بەڕێز ڕاتش باسی لە خواستی حکومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ بانگھێشتکردنی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان بەمەبەستی سەردانیکردنی بەرلین و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کە لە بواری وزەدا کاردەکەن.
شایانی باسە لە دیدارەکەدا ھەردوو لا سووربون لەسەر بەھێزکردنی ھاریکارییەکان لە بواری وزەدا، ئەوەش لەڕێی ئاڵۆگۆڕکردنی ئەزمون و شارەزاییەکان و ھەروەھا ئەنجامدانی پرۆژە ھاوبەشەکانەوە، ئەوە جگە لە پشتیوانی تەواوی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ عێراق لەو بوارەداو ھەروەھا خواستی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ وەبەرھێنان کردن لە عێراقدا.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٥/١