لیژنەی کارەبای پەرلەمان سەردانی پرۆژەی وێستگەی وزەی خۆر لە کەربەلا دەکات

لیژنەی لاوەکی ( لیژنەی وزەی نوێبوەوە) سەر بە لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/١٠/٢٤ بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار حەسەن ئەسەدی جێگری سەرۆکی لیژنەو بەیاوەری پەرلەمانتاران ئامانج مەحمود و نفوز موسەوی و زیکرا ڕودەینی ، سەردانی پرۆژەی وێستگەی وزەی خۆری لە پارێزگای کەربەلا کرد. بەئامادەبوونی ئەندازیار سەرمەد عەلی جابر بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای فوڕاتی ناوەڕاست و ئەندازیار ھومام عەبدولموتەڵیب بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبای فوڕاتی ناوەڕاست و جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری تەکنیکی لە گواستنەوەی وزەی کارەبای فوڕاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری تۆڕەکانی کەربەلا و بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان و لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیای گشتی و بەڕێوەبەری لقی دابەشکردنی کارەبا لە کەربەلا، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کارکردنی پرۆژەی وێستگەی نوێی وزەی خۆر (300MW) لەپارێزگای کەربەلا.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەکرد کەوا پرۆژەکە دەبێتە ھۆکاری کەمکردنەوەی لۆد لە کەربەلا ئەمەش وادەکات توانای بەرھەمھێنانی وزە زیاد بکات، ھاوکات گفتوگۆکرا لەبارەی پەلەکردن لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرە گونجاوەکان بۆ کۆتاییھێنان بەو بابەتانەی کەوا پەیوەستن بە گواستنەوەو دابەشکردن ، گرنگترینیشی کەمی تەرخانکردنی داراییە لەپێناو زامنکردنی جێبەجێکردنی پلانی ھاوینی ساڵی ٢٠٢٤.
ھەروەھا جەخت لەسەر دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزایی لەدەوری وێستگەکە کرا کە ڕێدەگرێت لە شەپۆلەکانی خۆڵبارین و بەمەبەستی زیادبوونی توانای کارکردنی پلێتەکانی وزەی خۆر، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی بیابانی ناوچەکەی کە وێستگەکەی تێدا دامەزراوە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/١٠/٢٤