لیژنەی کارەبای پەرلەمانی تاوتوێی دۆسیه‌ی‌ بەرھەمھێنانی وزەی نوێبۆوە دەکات

ڕۆژی چوارشەممە بەرواری ٧/١٢/٢٠٢٢ لیژنەی لاوەکی سەر بە لیژنەی کارەباو وزە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار داخل رازی جێگری سەرۆکی تەمەن و ئامادەبونی ئەندامەکانی لیژنه‌، میوانداری ژمارەیەک لە پسپۆڕو شارەزایانی بواری وزە نوێبۆوەکانی کرد، بەمەبەستی پێشکەشکردنی پلانی کار لە بواری سیاسەتی بەرھەمھێنانی وزەدا.
لە دیدارەکەدا پاش بەخێرھاتنی شاندی میوان لەلایەن لیژنەوە جەختکرایەوە لە پێویستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ بەرھەمھێنانی وزەی خۆر وەک جێگرەوەیەک بۆ جۆرەکانی تری وزە، کە تائێستا پشتیان پێبەستراوە.
هه‌ر لە میانی گفتوگۆکاندا لیژنە گوێیبیستی ڕوونکردنەوەکان بوو لەسەر جۆرەکانی وزەو ئەگەری وەبەرھێنان لە وزەی خۆر لە کێڵگە کشتوکاڵیەکان و ناوچە چۆڵ و دوور دەست و بیابانەکان، ھەروەھا سودوەرگرتن لێی بۆ دەرھێنانی ئاوی ژێرزەوی، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە باشکردنی ژینگەو زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە کاتێکدا کە وڵات بەدەست ووشکەساڵی و دیاردەی بە بیابانبوونەوە دەناڵێنێ، لە ھەمان کاتدا ھۆکارێکیش دەبێت بۆ بەدیھاتنی ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی بەروبوومی ناوخۆ و وەبەرھێنان لە توانای سەرچاوەی مرۆییەکاندا.
شاندەکە ڕوونیشیان کردەوە کە وەزارەتی کارەبا ھەنگاو دەنێت بەئاراستەی وەبەرھێنان لە وزەی خۆرداو بەستنەوەی بە تۆڕی نشتیمانیەوە، ئاشکراشیکرد کەوا ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کردووە بە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەک لە بواری وزەی نوێبۆوەدا و لە کۆتایی گفتوگۆکاندا لیژنە تاوتوێی پرسی تاپۆکردنی زەویەکانی کرد بە مەبەستی وەبەرھێنان تیایاندا بەشێوەیەکی باش تاوەکو سوودو قازانجیش بە وڵات بگەێنێت.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٧ ی دیسەمبەر ی٢٠٢٢