لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان ھۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی گواستنەوەی وزەی کارەبا تاوتوێ دەکات

لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە و بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٤/١/١٨ ، میوانداری بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی وزەی کارەبای ناوچەی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری پشکنین و نۆژەنکردنەوەی سیستەمەکانی کارەبا کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی سەرلەنوێ بەردەوامیدان بەو پرۆژانەی کە کارکردن تیایاندا سستە، ھەروەھا بابەتی ئاگرگرتنی یەکێک لە محاویلەکان لە وێستگەی گواستنەوەی وزەی کارەباو ھۆکارەکانی دووبارەبونەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگە کارەباییەکان.
ھاوکات بەڕێزان ئەندامانی لیژنە چەند پرسیارێکیان ئاراستەی میوانانی ئامادەبوو کرد، کە تایبەت بوو بە ھۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان و پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی و کاتەکانی پشکنینی فیوزەکان و ھەروەھا بەردەوامبوونی سەردانە مەیدانیەکان، ئەمە جگە لە ھۆکارەکانی کارنەکردنی ھەندێک لە ئامێرەکانی پارێزگاریکردن و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەگیرێنەبەر لەکاتی پشکنین بۆ سیستەمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/١/١٨