لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان لەگەڵ شاندی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٤/٢١ پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە سەرۆکی لیژنەی کارەباو وزە بەئامادەبوونی جەند ئەندامێکی لیژنەکە، لە بارەگای سەرەکی لیژنە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی لە بەڕێز ماکسیمیلیان ڕانش سەرۆکی شاندی ئەڵمانیاو بەڕێز مایک لۆڤەر ڕاوێژکاری سیاسی کرد.
لەدیدارێکدا پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێکرا، جگە لە خستنەڕووی پێشنیازەکان لەپێناو پتەوکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی پەرلەمانیی.
سەرۆکی لیژنە پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە باسی لە ڕۆڵی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کرد لە عێراق و ئاشکرایکرد کە لە داھاتوودا لەڕێی سەردانیکردنیان بۆ باڵێۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدای پایتەخت چەند دیدارێک لەگەڵ لایەنی ئەڵمانیدا سازدەکەن، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسییەی کارەبا بەشێوەیەکی تێروتەسەل.
پەرلەمانتار حەسەن ئەسەدی جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنە باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە بارودۆخی وزەی کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتدا پێشکەشکردو ئاشکرایکرد کە عێراق پێویستی بە بەرھەمھێنانی ٤٠ ھەزار مێگاوات ھەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە ھاویندا بڕی بەرھەمھێنانی کارەبا بگاتە ٢٧ ھەزار مێگاوات، ھەروەھا ئاماژەی بە گرێبەستی کۆمپانیای سیمینز لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ کرد لەڕووی بەرھەمھێنان و چاککردنەوەدا.
لیژنەکە باسی لە ھەوڵەکانی کرد بۆ دەرکردنی یاسای وزەی نوێبووەوە، کە لە ئێستادا خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوەو لە داھاتوویەکی نزیکیشدا چەند دەستکاریکردنێکی پێویست لە پرۆژە یاساکەدا دەکرێت و پاشان کار بۆ دەرکردنی یاساکەو ناردنی بۆ حکومەت دەکرێت.
له‌لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی شاندەکە باسی لە ڕۆڵی حکومەتی ئەڵمانیا کرد لە پشتیوانیکردنی عێراق لەڕێی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بواری وزەو نەوت و ھەروەھا ئاماژەی بە واژۆکردنی گرێبەستێک کرد لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دەرھێنانی غاز لە پارێزگای بەسڕە ڵەناوچەی قوڕنە، ئەوە جگە لە گرنگی پرۆژەی وزەی نوێبووەوە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی وزەی کارەبا لە عێراقدا.
ھاوکات سەرۆکی شاندەکە جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی فەرمی کردەوە لەگەڵ لیژنەی کارەباو وزە، ئەمەش لەڕێی سەردانە فەرمییەکانی نێوان دەستەڵاتەکانی یاسادانانی نێوان ھەردوو وڵاتدا.
لەکۆتایی دیدارەکەدا بەڕێز ماکسیمیلیان خۆشحاڵبوونی خۆی بۆ دیدارەکەی لەگەڵ لیژنەی کارەباو وزە دەربڕی، ھەروەھا لەپای ئەو پێشوازییکردنە گەرمە سوپاسی لیژنەکەی پەرلەمانی کرد.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٤/٢١