لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان بەشداری لە وۆرکشۆپێکدا لەسەر دەرکردنی یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە دەکات

لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە سەرۆکی لیژنەو بەیاوەری ژمارەیەک له‌ ئەندامی لیژنەکە، بەشداری کرد لە وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی پەیوەست بەدەرکردنی یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە لە عێراق، کە لە بارەگای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی نوێبوەوە ( ئێرێنا) لە شاری ئەبوزەبی / ئیمارات سازکرابوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ١٣و ١٤ی نۆڤەمبەر بەردەوام بوو ، گفتوگۆکرا لەبارەی ئەزمونە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە، ھەروەھا چۆنێتی دانانی یاسا گونجاوەکان بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە لە عێراقدا.
بەڕێز موحەمەد نوری عەبد ڕەببە، جەختیکرد لەوەی کە وۆرکشۆپەکە دەرفەتێکی گرنگ و بەیاخدارە بۆ گۆڕینەوەی ئەزمونەکان لەگەڵ وڵاتانی بەشدارو تاوتوێکردنی باشترین ڕێگاکانی ڕێکخستنی کەرتی وزەی نوێبوەوە لە عێراق، باسی لەوەشکرد :” کەوا وۆرکشۆپەکە یارمەتیدەربووە لە پێشخستنی تواناکانی ئەندامانی لیژنەکە لە دانان و دەرکردنی یاسا پێویستەکان بەمەبەستی ڕێکخستنی ئەو کەرتە زیندووە “.
لیژنەکە ھیواخواز بوو کە ئەو ھەوڵانە ببنە ھۆکاری بەدیھاتنی ئامانجەکانی عێراق لە بواری وزەی نوێبوەوە، تاوەکو بەشداربێت لە بەرھەمھێنانی کارەبا.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/١١/١٦