لیژنەی مافی مرۆڤ لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی ونبووەکان (ICMP) کۆدەبێتەوە

لیژنەی مافی مرۆڤ بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ئەرشەد ئەلسالحی و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار حەسەن سالم سەرۆکی لیژنەی شەهیدان، ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی به‌ست لەگەڵ بەڕێز فەواز عەبدول عەباس جێگری سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ بێسەروشوێنەکان و خاتوو ئایا ئەلسەعدی لە بارەگای لیژنەی شەهیدان.
لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە کارەکانی تیمی نێودەوڵەتی کرا، لەوانە سەردانیکردنی ناوچەی شەنگال و گۆڕستانەکانی ئەلخەسفە و تەل حەمام لە موسڵ بە هاوکاری تیمی نیشتمانی بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان .
پەرلەمانتار ئەلساڵحی داوای هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەكانی‌ نێودەوڵەتی و هەرێمییه‌كانی‌ پەیوەندیدار کرد، بۆ هەماهەنگیکردن لە ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان و دروستکردنی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی لە بابەتەکەداو جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی تەواوکردنی تۆماری ناوەندی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ونبووەکان بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی گەڕان .
جێگری سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی ونبوو ئاماژەی بەوەدا کە هەماهەنگی هەیە لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران، بە مەبەستی فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە پرۆسەی هاوشێوەداو لیژنە پەیوەندیدارەکان ڕاپۆرتێک لەسەر سەردانەکان پێشکەش دەکەن .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن كرا لەسەر هەماهەنگی بەردەوام لە ڕێگەی ئەنجامدانی وۆرکشۆپەکان، بۆ ده‌ركردنی‌ ڕاسپاردەی‌ پێویست بۆ یارمەتیدان لە ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووەکان .

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
١٦ / ١١ / ٢٠٢٣