‎لیژنەی دارایی تاوتوێی‌ بڕگەکانی بودجە تەواو دەکات و پابەندبوونی خۆی بە چوارچێوە یاساییەکان دووپات دەکاتەوە

‎لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی لە ڕۆژی شەممە 13/5/2023 بەردەوامی‌ بە کۆبوونەوەکانی خۆی‌ ده‌دات، لە ڕێگەی لیژنە لاوەکیەکانەوە، بۆ خوێندنەوەی بابەتەکان و بەدواداچوونی خشتەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشکەشکردنیان بۆ دەنگدان.
لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەدواداچوون بۆ دەسەڵاتەکانی خەرجکردن بکرێت، دوای پەسەندکردنی بودجە بەگوێرەی چوارچێوە یاساییەکان، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە خواستەکانی گەلی عێراق جێبەجێ بکات، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت.
‎هه‌روه‌ها لیژنە تایبەتەكه‌ لێکۆڵینەوەكانی لەسەر ئەو بابەتانەی کە دەقی یاساییان لە بودجەدا هەیە تەواو کردو تێڕوانین و بیرۆکەکانی خۆی‌ بۆ زیادکردنی داهاتی خەزێنەی دەوڵەت پێشکەش کرد، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر تەرخانکردنی یاسای کرێی ئۆتۆمبێل بۆ پاراستنی ڕێگاوبان و پردەکان و دابەشکردنی بڕەکان بەپێی دەسەڵاتەکانی خەرجکردن و خەمڵاندنی داهات و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی پیشەسازییە نیشتمانیەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی مرۆیی و نەهێشتنی بێکاری لە ڕێگەی پەرەپێدانی بڕگەو دەقە یاساییەکان کە پاڵپشتی بەرهەمی نشتیمانی دەکەن لە بودجەدا.
‎لە لایەن خۆیەوە، لیژنە وردبینی بۆ خشتەی لیستکراوی پشكنین كرد، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بڕی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزاری و دابینکردنی کاڵاو بەرنامە تایبەتەکان و کرێی کارەباو ئاو و هاوردەکردنی گاز، هەروەها تەرخانکردنی بەرنامەی خۆراکی قوتابخانەكان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوەیەکی زانستی گفتوگۆی لەسەر بکەن و بۆچوونەکانیان دەرببڕن، بۆ دڵنیابوون لە گه‌یشتنی‌ بۆ شوێنی‌ خۆیان و میوانداریكردنی‌ ئەو کەسانەی‌ کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە.
‎لیژنه‌ جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوون بە وردی پرۆسەی گواستنەوە لە نێوان یەکەکانی خەرجکردن و گواستنەوەی بڕە داراییەکان بە پێی پێویست، هەروەها جەختیان لەسەر زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی بۆ پارێزگا هەژارەکان كردەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

‎ئەنجوومەنی نوێنەران
‎فەرمانگەی راگەیاندن
٢٠٢٣/٥/١٣