سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست دەکات

‎محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ سێشەممە، پێشوازی کرد لە خاتوو باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا، تاتوێی پەیوەندی دۆستانە و پتەوکردنی هاریکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کراو گفتوگۆش سەبارەت بە چەند پرسێکی هه‌رێمی‌ و نێودەوڵەتی و ئەو دۆسێیانەی جێی بایەخی هاوبەشن كرا.
هەر لە دیدارەکەدا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ئاماژەی بەوەدا کە عێراق چاوی لە پتەوکردنی ئەو هاوبەشییەیە کە لەگەڵ ئەمریکا هەیەتی لە چوارچێوەی رێکەوتنی ستراتیجی و ئەنجومەنی نوێنەرانیش پشتیوانی حکومەتە لە جێبەجێ کردنی بەرنامەکەی لە پێناو بەدیهێنانی گەشەپێدان لەسەرجەم بوارەکاندا.
لای خۆیەوە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە پابەندی وڵاتەکەی کرد بۆ کارکردن لە پێناو پتەوکردنی هاوبەشی و پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان و سەقامگیری.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
2 ئایار 2023