د. شاخەوان عەبدوڵا ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دەکات کرایە سەر هێزە چەکدارەکان لە عوزێم، داوای پێداچونەی دۆسیەی ئەمنیی و گۆڕانکاری لە فەرماندەکان و سەرلەنوێ بڵاوەپێکردنی سوپا دەکات لەناوچە ناسەقامگیرەکان

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی ٢١ کانونی دووەمی ٢٠٢٢ بەتوندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییەی کرد کە بەهۆیەوە
کۆمەڵێک لەجەنگاوەرانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحییەی عوزێم شەهیدبوون.
بەڕێزیان داوایکرد ڕێوشوێنی مەیدانی بگیرێتەبەر لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان و پێداچونەی دۆسیەی ئەمنیی و گۆڕانگاری کردن لەفەرماندەکان، بەشێوەک هاوشانی ئاستەنگەکان و ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی تیرۆرستانی داعش بێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەکەیدا، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە تیرۆريستییە، داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە پێداچونەوە بە پلانە سەربازییەکان و دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانی سوپا بکات لەو ناوچانەی بە باشی جڵەوگیرنەکراون، بەهۆی بەردەوامی کردەوە تیرۆرستیەکان و پەلامارەکان لە حەوزی حەمرین و چەند ناوچەیەکی تر، لەگەڵ گرتنەبەری ئەوەی پێویست دەکات لەچڕکردنەوەی هەوڵەکانی کۆکردنەوەی زانیاری لەپێناو ڕاوەدونانی شانە نوستوەکانی داعشی تیرۆرست.
هەر بەو بۆنە خەمناکەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەو کەسوکاری شەهیدەکان کرد.

نوسینگەی راگه‌یاندنی‌ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
٢١ کانونی دووەمی ٢٠٢٢