د.شاخه‌وان عەبدوڵا لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی تیرۆریستان و سنورداركردنی بازرگانی ماددە هۆشبەرەكانی تاوتوێكرد، جەختیشی كرده‌وه‌ لەسەر تەواوكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ روی ئه‌منییه‌وه‌ سه‌قامگیر نین

لە چوارچێوەی گەشتە مەیدانییەکانی جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق و پەرۆشی بۆ بەدواداچونی‌ دۆسیەی ئەمنی و پشتیوانی‌ راستەوخۆی بۆ ئەو هەوڵانەی، کە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات دراون، دوێنێ شەو سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد.

لەلایەن فه‌ریق روكنی‌ یەکەم عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێشوازی كرا له‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بۆ سەردانەكه‌.

لە میانی دیداره‌كه‌دا به‌تێر و ته‌سه‌لی‌ پێشهاتەکانی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی بەگشتی و هەوڵی‌ تایبه‌تی‌ هێزە چەکدارەکان و ئەو قوربانیە گەورانه‌ی‌ بۆ نیشتمان داویانە خرایه‌ به‌رباس.

كۆنترۆڵكردنی‌ ناوچه‌كان و چارەسەرکردنی پێشێلکارییە ئەمنییەکان و له‌ناوبردنی‌ پاشماوه‌ی‌ حەشارگەكانی‌ تیرۆریستانی داعش له‌گه‌ڵ رێكاره‌ پێویسته‌كان بۆ ته‌واوكردنی پێكهێنانی لیوای 20 و بڵاوبونه‌وه‌ی به‌و ناوچانه‌دا كه‌ باری ئه‌منییان سه‌قامگیر نییه‌؛ تاوتوێكرا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەن رۆڵی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی له‌ ئەفسەران و سەرجەم پلەداره‌کان و رۆڵه‌كانی سوپادا بەرزنرخاند، كه‌ له‌پێناوی‌ پاراستنی ئاسایش و گیانی هاوڵاتیان قوربانی‌ گه‌وره‌یان داوه‌.

هاوکات ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌، لە گرنگی کۆنترۆڵکردنی‌ سنورەکان بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان و دانانی سنورێك بۆ بازرگانی ماددە هۆشبەره‌كان و شوێنپێهه‌ڵگرتنی تاوانباران.

د. شاخه‌وان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێویسته‌ هاوکاری و هەماهەنگی نێوان سوپای فیدراڵی و هێزه‌كانی پێشمەرگە تەواوبكرێت و بۆشاییە ئه‌منییه‌کان پڕبکرێنه‌وه‌.

بارودۆخی ئەمنی شنگال و ڕێگاچاره‌ی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ به‌شێك بون له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبونه‌وه‌كه‌و داواكرا خزمەتگوزاری پێشكه‌ش به‌هاوڵاتیان بكرێت و وتیشی‌؛ پێویسته‌ ئه‌رك و كاره‌كان به‌پێی‌ قه‌باره‌ی‌ ئاسته‌نگه‌كان دوباره‌ هه‌ڵسه‌نگێنینه‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئەنجومەنی نوێنەران به‌ یاسا پشتگیری و پشتیوانی دامه‌زراوه‌ی‌ سەربازی و ئه‌منی‌ دەکات له‌پێناو ته‌رخانكردنی‌ دارایی‌ بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی‌ توانای‌ شەڕکردنیان و راپه‌ڕاندنی‌ ئه‌ركه‌كانیان لە چوارچێوه‌ی‌ پاراستنی ئاسایش و سەپاندنی سەروەری یاسا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دوشەممە 30ی ئایاری 2022