د.شاخهوان عەبدوڵا: ئەنجومەنی نوێنەران بەپەرۆشییەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی كارەبا دەكات و لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كەمی وزەی كارەبا
جێگری سەرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبونەوەی یەکەمی لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە ئەندامێتی پەرلەمانتارەکان لەهەردوو لیژنەی کارەباو وزەو نەوت و غاز ى كرد. بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی قەیرانی کارەبا و، تاوتوێكردنی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کەمی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی نههامهتییهكان لهسهرهاوڵاتیان لهوەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسهرجهم پارێزگاکانی عێراق.
دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا لەمیانی قسەكانيدا ئاماژەی بەوەدا کە “ئەنجومەنی نوێنەران بە پهرۆشهوه بەدواداچوون بۆ دۆسیهی کارەبا دەکات و ڕێوشوێنی پێویست لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی كورتهێنانی وزەی کارەبا”، وتیشی: بانگهێشتی بهرپرسانی ههردوو وەزارەتی کارەبا و نەوتی حکومەتی فیدراڵی دەكهن بۆ ڕێکخستنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە نێوان خاوەن موهلیدە ئەهلییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەباو، جێگیرکردنی نرخی ئەمپێر بە شێوەیەک کە بارگرانی لهسهرهاوڵاتیان ئاسان بکات و سووتەمەنی بۆ مۆلیدەکان دابین بكرێت وزهی كارهبا بۆ هاوڵاتیان مسۆگهربێت بۆ تێپهڕاندنی قەیرانەکان.
دواتر بەڕێزیان گوێبیستی راو بۆچوونی پهرلهمانتاره بهڕێزهكان بوو سەبارەت بە دۆسیهی قەیرانی كارەبا و، بهپێویستی زانی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگاكان بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و دابینكردنی پێداویستی سووتەمەنی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دابەشكردنی پێكهاته نەوتییەكان و فەرمانگەكانی دابەشکردنی کارەبا بە مەبەستی مسۆگەرکردنی بەردەوامی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢