دكتۆر شاخه‌وان عەبدوڵا لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێكی كوردانی فەیلی ته‌ئكید دەکات لەوەی كە پێكهاتەیەكی ڕەسەنن و گێڕانەوەی مافه‌كانیان بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانییە

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنوسینگه‌ی‌ تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازیكرد لە شاندێكی دەستەی هەماهەنگی کوردانی فەیلی لە پیاوماقوڵان و كەسایەتی‌ سیاسی و رۆشنبیری، لە میانی دیدارێكدا باس لە گوزەرانی کوردانی فەیلی لە بەغداد و پارێزگاکان کرا لەگەڵ ئەو ستەمەی ڕوبەڕوی ئه‌م توێژه‌ بوەتەوە لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچوو، وێڕای‌ پەراوێزخستنیان و نەگێڕانەوەی مافە ڕەواکانیان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا جەختیشیكردەوە، كوردانی فەیلی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی گه‌لی كوردستانە و لە سەردەمی ڕژێمی دیكتاتۆریدا ئازارێكی زۆریان چەشتووەو، بەهۆی ناسنامه‌ی‌ كوردبون و ئینتمای‌ نیشتمانیانەوە قوربانیی گەورەیان داوە ، پرسی گەڕاندنەوەی مافە ڕەواكانیشیان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانییه‌، هەروەک بەڵێنیشیدا بەدواداچوون بكات بۆ دۆسیەی کوردانی فەیلی سەبارەت بە یاسای ره‌گه‌زنامه‌ و پرسی ناکۆکییەکانی‌ خاوەندارێتی و لابردنی زیانەکان له‌سه‌ریان، هه‌روه‌ها داواشی له‌ دامەزراوەکانی حكومه‌ت کرد موڵک و ماڵی ده‌ستبه‌سه‌راگیراو مافەکانیان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٧ی ئایاری ٢٠٢٢