دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا جه‌ختیكرد له‌وه‌ی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان پێكهاته‌یه‌كی‌ ره‌سه‌نی‌ ‌ كۆمه‌ڵگان ، بە پێویستیشی دەزانێت مافه‌كانیان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ و دۆسییه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌ و ناكۆكی‌ موڵكدارێتییان یه‌كلابكرێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29/11/2022 جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، له‌نوسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ له‌به‌غداد، پێشوازیكرد له‌شاندێكی‌ كوردی‌ فه‌یلی‌ پارێزگای‌ واست به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌لی‌ محه‌مه‌د .

له‌ دیدارێكدا باسی‌ دۆسییه‌ی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان و تاوتوێی‌ پرسی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كاریگه‌ره‌ خراپانه‌ی‌ رژێمی‌ له‌ناوچوو کرا کە له‌پرۆسەکانی سه‌ركوتكردن و ئاواره‌كردن و راگواستنی‌ زۆره‌ملێ‌ دژی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان گرتییه‌به‌ر .

دكتۆر شاخه‌وان عەبدوڵا جه‌ختیكرد له‌وه‌ی‌، كورده‌ فه‌یلییه‌كان پێكهاته‌یه‌كی‌ ره‌سه‌نی‌ ‌ كۆمه‌ڵگان، وتیشی‌: پێویسته‌ هه‌وڵ و ئه‌ركه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ مافه‌كانیان چڕتربکرێنەوەو، دۆسییه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌یان بگوێزرێته‌وه‌ له‌ به‌شی‌ نیشته‌جێبوونی‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ بۆ به‌شی‌ ده‌ركردنی‌ كارتی‌ نیشتمانی‌ و، چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ پرسی‌ ناكۆكییه‌ موڵكدارییه‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ مافی‌ مامه‌ڵه‌كردن پێوه‌ی‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ زه‌وی‌ و زاره‌كان بۆ خاوه‌نه‌كانیان.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جیچگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
سێ شەممە 29/11/2022