جێگری یەكەم كۆبونەوەیەكی هاوبەش رێكدەخات بۆ تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی روداوی دارمانی باڵەخانەكەی كەرادەو داوای ئاشكراكردنی كەمتەرخەمەكان و قەرەبوكردنەوەی قوربانیان دەكات

بەڕێز”موحسین مەندەلاوی” جیگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، داوایكرد پەلەبكرێت لە قەرەبوكردنەوەی قورباینانی روداوی دارمانی باڵەخانەی تاقیگەی نیشتمانی لە كەرادەو بەدواداچون بۆ دۆخی بریندارەكان و، رەوانەكردنی كەمتەرخەمەكان بۆ دادگا بە زوترین كات.

ئەم داوایەی لە میانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا هات كە ئەمرۆ 5ی تشرینی یەكەمی 2022 لەگەڵ لیژنەكانی (خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەو دەستپاكی و وەبەرهێنان) رێكیخست. كە میوانداری هەریەك لە بەرێزان ئەمینداری بەغدادو سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەرانی وەزارەتی تەندروستی و شارەوانی كەرادە كرابون.
مەندەلاوی ستایشی هەوڵەكانی پاڵەوانانی بەرگری شارستانی و لایەنە پشتیوانەكانی لە حەشدی شەعبی و شارەوانی و لایەنە پەیوەندارەكانی تری كرد، جه‌ختیشیكرد كە ئەو كۆبونەوەیە بۆ راوەستانە لەسەر رودانی وردەكاری ئەو كارەساتە خەمناكەو ئاشكراكردنی لایەنی كەمتەرخەم، هاوكات تاوتوێی دۆزینەوەی میكانیزمی چاودێری یاسایی گونجاو كرا بۆ توندكردنەوەی پێدانی مۆڵەت و چاودێریكردنی باڵەخانەو لیژنە ئەندازیارییەكانی پشكنین.

لەكۆبونەوەكەدا، بریاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە كە لیژنەكانی “دەستپاكی و وەبەرهێنان و تەندروستی و یاسایی و خزمەتگوزاری” لەخۆدەگرێت و، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لەدانیشتنێكی ئاشكرای پەرلەماندا دەخرێتەڕوو، لەگەل ڕاپێچكردنی هەموو ئەو لایەنانەی كەمتەرخەمن بۆ بەردەم دادگاو سزادانیان بە توندترین شێوە، وێڕای قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان بە زوترین كات.

نوسینگەی راگەیاندنی
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

2022/10/5