بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەبەستێت

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٤/٤/٢٧ لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێک پێکناھێنن بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید حەسەن دەڕاجی و بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست لەبارەگای سەرەکی لیژنە لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لەمیانی دیدارەکەدا کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە کاری لیژنەکە تاوتوێ کرا، کە گرنگترینیان گفتوگۆکردن بوو لەسەر کۆمەڵێک پێشێلکاریی یاسایی کە لەچەند پارێزگایەک ڕوویانداوە، لەوانەش لادانی ھەندێک لە خاوەن پۆستەکان لە فەرمانگەکانی پەروەردە و تەندروستی لە پارێزگاکانی واست و نەینەواو دیوانیەدا، بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا لیژنه‌ بڕیاریدا نوسراو ی فەرمی ئاراستەی ھەریەک لەو پارێزگایانە بکات کەوا پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە، بەمەبەستی ڕوونکردنەوە دەربارەی ئەو پێشێلکارییانەی کە ڕوویانداوەو ھەروەھا کارکردن بۆ پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکانی پەیوەست بە ڕاسپاردن و یاخود لادانی کەسێک لە پۆستەکەی.
ھاوکات لیژنەکە گفتوگۆیکرد سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی بودجەی تایبەت بە پارێزگاکان و چۆنیەتی گواستنەوەی پرۆژەکان تیایدا، ئەوە جگە لە تاوتوێکردنی ئەو میکانیزمانەی کە لەلایەن پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگاوە دەگیرینەبەر لە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکان بۆ پارێزگاکە، لەپێناو زامنکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە شێوازێکی کاریگەرو گونجاو، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی ھاوڵاتیان بکات.
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکان لە پارێزگاکاندا، لەڕێی ڕاپۆڕتی ئەندامانی لیژنەکەو ھەروەھا ئەو نوسراوانەی کە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەبارەت بە بارودۆخی پارێزگاکان ئاراستەی لیژنەکە کراون، وە کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئەو نوسراوانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا لیژنەکە ھەموو پشتیوانییەکی خۆی و بەدواداچوونی بۆ کاری پارێزگارەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دووپاتکردەوە، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی گەشەپێدان دەکات کە خزمەت بەبەرژەوەندی ھاوڵاتیان بکات.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٤/٢٧