به‌مه‌به‌ستی‌ تاوتوێكردنی‌ گرێبەستەکانی وزە لیژنەی کارەبای پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٤/٢١ لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، لەگەڵ بەڕێز زیاد عەلی وەزیری کارەباو بریکاری وەزیری پلاندانان و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای بەرھەمھێنانی باکورو ھەروەھا بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی، کۆبوونەوەیەکی بەست بۆ تاوتوێکردنی بەڕێوەچوونی کاری پرۆژەکانی وزە، بەتایبەتی پەیوەست بە گرێبەستەکانی ھەردوو کۆمپانیای “سانیر” و سیمنز.
لیژنەکە گوێبیستی باسێکی تێروتەسەل بوو کە وەزیری کارەبا سەبارەت بە گرێبەستی کۆمپانیای “سانیر” پێشکەشی کردو میکانیزمەکانی گرێبەستەکەو ھەروەھا ئەو ڕێککارانەشی خستەڕوو کەلەلایەن وەزارەتی کارەباوە دەگیرینەبەر بەمەبەستی گرەنتیکردنی جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، لەنێوشیدا ڕێوشوێنەکانی پێبژاردنی دواکەوتن و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر کۆمپانیا.
ھاوکات لیژنەکە لەگەڵ بریکاری وەزیری پلاندانان و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای بەرھەمھێنانی باکور تاوتوێی بڕی تەرخانکراوی دارایی بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ھەیە کرد، ئەوە جگە لە گرێبەستی ھەردوو کۆمپانیای سانیرو سیمنزی ئەڵمانی، ھەروەھا دیارترین ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی جێبەجێکردنی گرێبەستەکە دەبنەوەو ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەش کە لەلایەن وەزارەتەوە گیراونەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ھاوکات لیژنەکە داوایکرد بەرچاو ڕوونی پێبدرێت لەبارەی میکانیزمەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان و ھەروەھا مەرجەکانی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان و ئەو ماوە زیادەیەی کە دەدرێت بەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا.
لیژنەکە جەختی لەسەر پێویستی پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانە کردەوە، کە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا واژۆیان له‌سه‌رکراوه‌، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە لە گرێبەستە حکومی یەکاندا پشتی پێ دەبەسترێت.
دواتر لیژنەکە پرسیاری کرد سەبارەت بە قەبارەی تەرخانکردنی دارایی بۆ کۆمپانیاکانی کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ھەیە و ئەگەری زیادکردنی بڕی تەرخانکردنەکە.
لەکۆتایی دیدارەکەدا لیژنەکە بڕیاریدا لە ئاییندەیەکی نزیکدا میوانداری وەزیری کارەبا بکات، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان پەیوەست بەو گرێبەستانەی کە دواکەوتوون و ئەنجام نەدراون و ھەروەھا ئەو بڕیارانەش کە لە بارەیانەوە دراوە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٤/٢١