لە كۆنگرەی تایبەتی رۆژی جیهانی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی.. مەندەلاوی داوای جەنگێكی گەورە دەكات دژی پەتای گەندەڵی متمانەی هاوڵاتی بە دامەزراوەكانی بگێڕێتەوە جەختیش دەكات هیچ هێڵێكی سورنیە لەبەردەم روبەڕوبونەوەی گەندەڵكاران

بەڕێز موحسین مەندەلاوی, لە شوێنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران, جەختیكرد عێراق بەجدی هەنگاودەنێت بەرەو جەنگێكی یاسایی گەورە دژی گەندەڵی و گەندەڵكاران, ئەو سەركەوتنەی رۆلەكانی لە جەنگی ئەمنیی و سەربازی دژی تیرۆر بەدەستیانهێنا, پێویستە بە دەستپێكردنی جەنگێكی گەورە دژی پەتای گەندەڵی تەواوبكرێت, كە جەستەی دامەزراوەكانی دەوڵەتی داخوراندووەو متمانەی هاوڵاتیانی لاوازكردووە.
ئەمە لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكدا هات, كە رۆژی چوارشەممە, لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی تایبەت بە زیندوو راگرتنی رۆژی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دەستپێكردنی هەفتەی دەستپاكی ساڵانە بەڕێوەچوو, كە دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی لەژێر دروسمی (بەخۆشەویستی عێراق روبەڕوی گەندەڵی دەبینەوەو وڵات بنیاد دەنێینەوە).
سەرۆكی ئەنجومەن وتیشی: جەنگی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی پێویستی بە هاوكارییەكی توندوتۆڵە لەنێوان سێ‌ دەسەڵاتەكە, بۆ رێگەخۆشكردن لەبەردەم دەستەی دەستپاكی بۆ ئەوەی رۆڵی چالاكی خۆی بگێڕێت.
مەندەلاوی راشیگەیاند: سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەتەواوی پشتیوانی هەوڵەكانی دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی دەكات و ئامادەیە لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمان بۆ هەماهەنگیكردن و هاوكاری لە گێڕانی رۆڵی چاودێری و داڕشتنی یاسای پێویست بۆ روبەڕبونەوەی گەندەڵی.

نوسینگەی راگەیاندنی

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
٢٠٢٣/١٢/٦