لیژنەی یاسایی پەرلەمان دانیشتنێکی گوێگرتن سەبارەت بە ھەموارکردنی یاسای پارێزەری ڕێکدەخات

ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، دانیشتنێکی گوێگرتنی ڕێکخست سەبارەت بە ھەمواری یاسای پارێزەری ژمارە (١٧٣) ی ساڵی ١٩٦٥.
لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، لیژنەکە جەختی لە مکوڕبوونی خۆی کردەوە لە بەدواداچوون بۆ کاری سەندیگاو کارکردن بۆ برەودان بە ڕۆڵ و کاریگەرییان لەپێناو سەروەری یاسادا،
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد کەوا ئامانج لە دانیشتنەکە گوێگرتنە لەو پێشنیازانەی کە لەلایەن سەندیكاو ژووری پارێزەرانەوە پێشکەشکراون، بەمەبەستی وەستان لەسەر بەربەست و ئاڵنگارییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرییە کاریگەرەکان، تاوەکو بەجۆرێک فۆرمەلەی یاساکە بکەن کە وێنەیەکی شایستەی پارێزەران پیشان بدات و دەرخەری بنەماکانی جێبەجێکردنی یاسا بێت.
لەسەر ھەمان تەوەر ئامادەبووان پێشنیازو تێبینییەکانی خۆیان لەسەر ماددەو بڕگەکانی یاساکە خسته‌ڕوو.
لیژنەی یاسایی لای خۆیەوە بەڵینیدا لێکۆڵینەوە لە سەرنج و پێشنیارەکان بکات، لەپێناو گەیشتن بە شێوه‌ی‌ کۆتایی لە پێشنیازە یاساکەدا، بەرلەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٤/٢٩