لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمان میوانداری بەڕێز پارێزگاری نەجەف دەکات

لیژنەی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێك پێکناھێنن، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/٩/٢١ بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، میوانداری دکتۆر ماجید وائیلی پارێزگاری نەچەف و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان و بەڕێوەبەری شارەوانی نەجەف و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و بەڕێوەبەری پلاندانان و ئاوەدانکردنەوەی کرد، لە بارەگای لیژنەکە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران.
لە پاش بەخێرھاتن لە بەڕێز پارێزگارو ئامادەبووان لەلایەن سەرۆکی لیژنەوه‌، تاوتوێی ئەو نوسراوانەی کە لەلایەن پەرلەمانتارانی نوێنەری پارێزگاکەوە بۆ پارێزگا نێردراوە سه‌باره‌ت بە دواکەوتنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و ژێرخانی ئابوری كرا، ھەروەھا چەندین پرسیار لەلایەن ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئەندامانی لیژنەو پەرلەمانتارانی پارێزگای نەجەف ئاراستە کران، سەبارەت بە دواکەوتن و کەموكوڕی لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە دەبنە ھۆی پێشخستنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابوری لە پارێزگاکەدا، ھاوکات لەلایەن بەڕێوەبەرانی فەرمانگاکەنی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە وەڵامی پرسیارەکان درایەوەو گرنگترین کێشەو لەمپەرەکانیش کە دەبنە بەربەست لە بەردەم تەواوکردنی پرۆژەکان خرانەڕوو.
لەکۆتایی میوانداریەکەدا ڕێکەوتن كرا لەسەر بەردەوامبوونی دیدارو کۆبوونەوەکانی نێوانیان، بە مەبەستی کاراکردنی ڕۆڵی چاودێری و ھەڵوەستە لەسەر هەموو ئەو کارانە بکەن کە بە ئەنجام دەگات لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٩/٢١