لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان میوانداری ژمارەیەک بەرپرس لە پارێزگای سەڵاحەدین دەکات

لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی کە ھەرێمێک پێکناھێنن ، ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/١/٢٩، بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی و بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە ،میوانداری ھەریەک لە بەڕێزان بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکور و بەڕێوەبەری کارەبای سەڵاحەدین و قایمقامی قەزای عەلەم و بەڕێوەبەری کشتوكاڵ و سەرۆکی کۆمەڵە جوتیارییەکانی لە قەزاکە کرد.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە گوێبیستی باسێکی تێروتەسەل بوو لەلایەن بەڕێوەبەری نەوتی باکورەوە، پەیوەست بە کێشەوگرفتەکانی کێڵگەنەوتیەکان و ھۆکارەکانی دزەکردنی نەوتی ڕەش لەئاکامی کردەوە تیرۆرستیەکان بۆ سەر ئەو کێڵگانە، ئەوەش بۆتە ھۆکاری زیانگەیاندنی گەورە بە زەوییەکشتوکاڵیەکان و بەروبوومەکان و ، ئەگەری چارەسەر کردنی کێشەی دزەکردنەکە.

سەرۆکی کۆمەڵە جوتیارییەکان ئەو زەرەروزیانانەی ئاشکراکرد ، کەوا لە بەروبوومە کشتوکاڵیەکان کەوتووە و، ھەروەھا ئەو ڕێکارەنەش کە گیراونەتەبەر بۆ پارێزگاریکردن لەو بەروبوومانە و ، ئەگەری قەرەبووکردنەوەی ئەو جوتیارانەی کە بەھۆی دزەکردنی نەوتەوە زەرەرمەند بوون.
ھاوکات سەرۆکی لیژنەکە داوایکرد تەماشای ئەو سکاڵایانە بکرێت کە لەلایەن جوتیارانەوە بەرزکراوەتەوە، وە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کێڵگە نەوتیەکان ، لەپێناو پاراستنی زەوییەکشتوکاڵیەکان لە بێکەڵکبوون ، ھەروەھا لیژنەکە سەردانی قەزاکە بکات بەمەبەستی وەستان لەسەر گرفت و ئاڵنگارییەکان کە ڕووبەڕووی ئیدارەی خۆجێی قەزاکە دەبێتەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز بەڕێوەبەری کارەبای سەڵاحەدین گرفتی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبای قەزای عەلەمی ڕوونكردەوە و ، ئەگەری قسەکردن لەگەڵ لایەنە فەرمیەکان بەمەبەستی دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبای غازیی
لاوەکی لە قەزاکە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/١/٢٩