لیژنەی کارەباو وزە پێشنیاری دەرکردنی یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە دەکات

لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار وەلید سەھلانی جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٤/٣/١١ کۆبونەوەیەکی بەست بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بەیاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە.
لەمیانی دیدارەکەدا ئەو ڕاپۆرتەی لەلایەن لیژنەی لاوەکی لیژنەی وزەی نوێبوەوە ئامادەکرابوو خرایەڕوو، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن و بیخەنەناو بەرنامەی کاری دانیشتەنەکانی ئەنجومەنەوە بۆ خوێندنەوەی دووەم، ئەمە جگە لە ووردبینیکردن لە بڕگەو خاڵەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، بەئامانجی گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی وزەی نوێبوەوە لە عێراقداو ، باشترکردنی توانای وزەو ، ھەروەھا تاوتوێکردنی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ بازرگانی دەردراوە ژەھراوییەکان و دەردانی کاربۆن، وە ئەم کۆمپانیایە گرێدراوبێت بە دەستەی ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە و توانای وزەوە.
لە گفتوگۆکاندا لیژنەکە پێداچوونەوەی بۆ سەرنج و بۆچوونەکانی لایەنە ڕاوێژکارییەکان کرد کە خۆی دەبینیەوە لە وەزارەتەکانی ژینگە و خوێندنی باڵا و سەرچاوە ئاوییەکان و کارەبا و پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتەکانی پیشەسازی ودارایی و نەوت ، ھەروەھا جگە لە لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان و دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرھێنان و فەرمانگەی توێژینەوەکان و لێکۆڵینەوەی پەرلەمان.

لە ماوەکانی ڕابردووشدا لیژنەکە چەندین کۆبونەوەو دانیشتەنی گوێگرتن بۆ پێشنیارەکان و ھەروەھا وۆرکشۆپەکانی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاساکە ، وە ئەگەری گۆڕینی ناوەکەی بۆ یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبوەوە و توانای وزە. ھاوکات ھەر لە لیژنەکەدا خرایە دەنگدانەوە لەپێناو ئەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجومەن بۆ خوێندنەوەی دووەم.
لەکۆتاییدا لیژنەکە داوایکرد دەست بە ڕێوشوێنەکانی دەرکردنی یاساکە بکرێت لەو چوارچێوە یاساییانەدا کەوا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کاری پێدەکرێت و جەختیشی لەپەلەکردن بۆ دەرکردنی یاساکە کردەوە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٣/١١