لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ باڵیۆزی بەنگلادیش و فلیپین ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی کرێکارانی بیانی لە عێراق

ڕۆژی دووشەممە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە سەرۆکایەتی په‌رله‌مانتار دیلان غەفور ساڵح سەرۆکی لیژنەکە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەنجامدا کە سەرۆکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی په‌رله‌مانتار حسێن عەرەب لەگەڵ جەنابی باڵیۆزی بەنگلادیش محمد فەدلول باری ئامادەی بوو و باڵیۆزی فلیپین و کورلی باکونا، بۆ تاوتوێکردنی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کرێکارانی بیانی لە عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە بارەگای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەڕێوەچوو، تیشک خرایەسەر پرسی دامەزراندن و ئەگەری ڕێکخستنی کاری کرێکارانی بیانی لە ناوخۆی عێراق بەتایبەتی کرێکارانی نایاسایی.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختیكرده‌وه‌ لە گرنگی پێشکەشکردنی پشتیوانی لەم بوارەداو ئامادەکاری تەواو بۆ کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ئەو کێشەیەی کە لەبەردەستدایە.
له‌لای خۆیەوە سەرۆکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی خستەسەر ئەو ژمارە زۆرەی کرێکارە بیانییەکان کە بەبێ کاغەزی فەرمی لە عێراق ئامادەن و ئاماژەی بەوەشکرد كه‌ ئەو یاسایە 4 مانگ لەمەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەرچووەو ڕێگە بە هەموارکردنەوەی بەڵگەنامە یاساییەکانی کرێکارانی‌ بیانی دەدات.
لەسەر هەمان بابەت، جەنابی باڵیۆزی بەنگلادیش و فلیپین ئامادەیی تەواوی خۆیان دەربڕی بۆ کردنەوەی ئاسۆی هاوکاری و کارکردن بۆ ڕێکخستنی کار لە عێراق و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانەی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتەکە داوە.
هەروەها باڵیۆزی بەنگلادیش داوای هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی هاوڵاتیانی بەنگلادیشی بەگشتی کرد.

فه‌رمانگه‌ی‌ ڕاگەیاندن
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
١٢ی ئازاری ٢٠٢٤