لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان میوانداری شاندی پەرلەمانی ئوردن دەکات

لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار حەسەن خەفاجی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٧/٣١، میوانداری شاندی پەرلەمانی ئوردنی کرد بەسەرۆکایەتی دکتۆر ئەحمەد خەلایلە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن.
لەمیانی میوانداریەکە کە لەبارەگای لیژنەکە بەڕێوەچوو سەرۆکی لیژنە بەخێرهاتنی شاندی سەردانکەری پەرلەمانی ئوردنی کردو هیوای مانەوەیەکی خۆشی لە عێراق بۆ خواست.
لە دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆکی لیژنە دووپاتیکردەوە کە عێراق و ئوردن پەیوەندی پتەو مێژوویی بەیەکیان دەبەستێتەوەو ئەو پەیوەندیەش لە نێوان ھەردوولا بەردەوامە.
ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنەوەی ڕێکەوتننامەی عێراقی ئوردنی ساڵی ٢٠١٣ کردو جەختیشی لە پێویستی بەشداری کردنی کۆمپانیا ئوردنیەکان کرد لە وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق، بەتایبەت کە عێراق دەرگای بە ڕووی وەبەرھێناندا کردۆتەوە بە ئاسانکاری گەورەوە، ئەمەش وادەکات کە کۆمپانیا ئوردنیەکانیش جێ دەستیان دیاربێت لە عێراقداو دووپاتیکردەوە کەیاسای وەبەرھێنانی عێراقی لەڕووی ئاسانکاری لە ڕێکارەکان بۆ وەبەرھێن بە باشترین یاساکان لەسەر ئاستی جیھان ئەژمار دەکرێت.
لەلای خۆیەوە دکتۆر ئەحمەد خەلایلە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی عێراق و دیدار لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی وەبەرھێنان دەربڕی، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکات، لە پێناو پێشخستنی دۆخی وڵاتەکە، ئاماژەی بەوەشدا کەوا عێراق بۆ گشت وڵاتە عەرەبیەکان باش بووە، ئەمەش وادەکات سەرجەم وڵاتانی عەرەبی لەسەرووی‌ ھەموویانەوە ئوردن، پاداشتی ئەوەی بدەنەوەو ھەڵوێستەکانی عێراقیش بەرامبەر برا عەرەبەکانی شەرافەتمەندانەیە، ھەروەھا ئاماژەی کرد بە پاڵپشتیکردنی بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا ئوردنیەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق لە ڕێگەی ھاریکاری لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان.
لەلای خۆشیانەوە بەڕێزان ئەندامانی لیژنە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دیدارەکە لەگەڵ شاندی میوان، وە دووپاتیان کردەوە کە پێویستە دیدارە دوو قۆڵیەکان لەنێوان ھەردوولا کارابکرێت و پەیوەندییەکان پتەوتر بکرێن بۆ خزمەتی ھەردوو گەلی عێراق و ئوردن.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٧/٣١