لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەسەندنی پەرلەمان میوانداری سەرۆکی ده‌سته‌ی‌ نیشتمانی بۆ وەبەرھێنان و دەستە لاوەکیەکان لە پارێزگاکان دەکات

بە ئامادەبوونی بەڕێز موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لیژنەی وەبەرھێنان و گەشه‌پێدان ئەمڕۆ چوارشەممە ١/٣/٢٠٢٣ بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار حەسەنیَن خەفاجی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، میوانداری بەڕێز حەیدەر موحەمەد مەکییە سەرۆکی دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرھێنان و بەڕێوەبەرانی دەستە لاوەکیەکان لە پارێزگاکان کرد.
لە میانی دیدارەکەدا کە لە بارەگای لیژنە ئەنجامدرا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڕێوەبەرانی گشتی و ڕاوێژکاران لە دەستەی نشتیمانی بۆ وەبەرھێنان ئامادەبوون، تاوتوێی گرنگترین ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم وەبەرهێنان لە عێراق كراو گرنگترین پێشنیارەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٦ خرانه‌ڕوو.
سەرۆکی لیژنە جەختیکردەوە کە لیژنەی وەبەرھێنان پاڵپشت و پشتیوانی کاری دەستەی وەبەرھێنانەو ئامادەیی لیژنەکەی دەربڕی بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر بۆ ئەو کێشانەی کە ڕێگرن لە وەبەرھێنان لە عێراق، چ لە لایەنی یاسادانانەوە بە هەموارکردنەوەی هەندێک بڕگەکانی یاساکە بۆ ئەوەی هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی لە جیهاندا هه‌یه‌ لە بواری وەبەرهێنان، یان لایەنی چاودێری لەڕێی پەیوەندی لەگەڵ حکومەت بۆ ڕێکخستنی وەبەرهێنان و هەماهەنگی کارکردن لە نێوان وەزارەتەکان و دەستە پەیوەندیدارەکاندا.
لە بەرامبەردا سەرۆکی دەسەڵاتی وەبەرهێنان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم کاری دەستە لاوەکیەکان لە پارێزگاکان و ئەگەری دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە گرنگە خستەڕوو.
گرنگترین ئەو تەوەرانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوە کراوە، بریتی بوون لە ژینگەی یاسادانان بۆ وەبەرهێنان و گرنگترین ماددەکان کە پێویستە لە یاسای وەبەرهێنانی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٦ دا هەموار بکرێنەوە، هەروەها ئەگەری هەموارکردنەوەی ماددەی ٥ ی یاساکەو جیاکردنەوەی دەستەکان لە پارێزگاکان و کردنیان بە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەست بە دەستەی نیشتمانی وەبەرھێنانەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا ئەندامانی ئامادەبوو جەختیان لە پێویستی ئەولەویەتدان بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەبەرهێنان و دادپەروەری بەرامبەر هەندێک پارێزگا کە بەدەست لاوازی دەرفەتی وەبەرهێنانەوە دەناڵێنن كرده‌وه‌.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
١/٣/٢٠٢٣