لیژنەی ئابوری پەرلەمان میوانداری کۆمەڵەی بانکە عێراقیەکان و بەڕێوەبەرانی بانکە ئەھلیەکان دەکات

لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ئەحمەد سەلیم کینانی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، میوانداری کۆمەڵەی بانکە عێراقیەکان و بەڕێوەبەرانی بانکە ئەھلیەکانی کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا کە لە ھۆڵی شەبیبی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، تاوتوێی ئەو سزایانە کرا، کە لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە بەسەر ژمارەیەک لە بانکە ئەھلیە عێراقیەکاندا سەپێنراوە.
لیژنەکە گوێبیستی باسێکی تێروتەسەل بوو کە لەلایەن کۆمەڵەی بانکە عێراقیەکان و بەڕێوەبەرانی بانکە ئەھلیەکانەوە پێشکەشکرا، دەربارەی گرنگترین ئەو بەربەست و لەمپەرانەی کە بانکە ئەھلیەکان پێوەی گرفتارن، لەوانە سڕكردنی سەرمایەکانیان لە دەرەوەی وڵات و ڕاگیرانی مامەڵەکانیان و حەواڵەکردنەکان بۆ دەرەوە لەگەڵ ئەو بانکانەی پارە حەواڵە دەکەن.

ھەروەھا کۆمەڵەی بانکە عێراقیەکان ئاشکرایکرد ئەو سزا سەپێنراوەی سەر بانکەکان لە نوسراوێکی فەرمی بانکی ناوەندیدا ھاتووە بێ ئەوەی ئاماژە بە ھۆکارەکان بدرێت، ھاوکات داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی ئابوری پەرلەمان کرد دەستوەردان بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بەھاریکاری لەگەڵ بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی وەزیران.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان کردەوە لەوەی ھەبوونی ئەم سزایانەی سەر بانکە ئەھلیەکان کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئابوری عێراق بەو پێیەی بانکە سزادراوەکان لە ٥٠٪‏ ی بانکەکان پێک دێنن، ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئابوری عێراق بەشێوەیەکی گشتی.
لای خۆیەوە سەرۆکی لیژنەکە دووپاتیکردەوە کەوا ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی ئابوری بایەخی گەورە بەم بابەتە دەدەن، بەو پێیەی کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر گەشەسەندنی ئابوری عێراق، ھەروەھا ووتی لیژنەکە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکات، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرە کاریگەرەکان کە بەھۆیانەوە سزای سەر ئەو بانکانە ھەڵبگیرێت.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٢/١٤